سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئیستادا پەیوەندیی ئێران و هەرێمی کوردستان باشە و ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانییانی تەقینەوەکەی شاری کرمان، سەردانی کونسوڵخانەی ئێرانی کرد لە هەولێر و رایگەیاند:" لە ئیستادا پەیوەندیی ئێران و هەرێمی کوردستان باشە و ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە".

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كونسوڵخانه‌ی گشتیی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ هه‌ولێر، به‌شداری له‌ پرسه‌ی ئه‌و قوربانییانه‌دا كرد كه‌ ڕۆژی سێی ئه‌م مانگه‌ له‌ شاری كرمان له‌ ئێران له‌ ئه‌نجامی تەقینەوەیەکدا گیانیان لەدەستدا، و وێڕای گه‌یاندنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می، پرسه‌نامه‌یه‌كی له‌ تۆماری پرسه‌دا نووسی.

نێچیرڤان بارزانی هێرشه‌كه‌ی‌ به‌ سه‌لمێنه‌ری مه‌ترسیی ڕاسته‌قینه‌ی تیرۆر زانی‌ و رایگەیاند: " بۆیه‌ پێویستیمان به‌ به‌رده‌وامیی هاریكاریی هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان هه‌یه‌ بۆ له‌‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كیی داعش كه‌ دوژمنی هاوبه‌شی ئێمه‌ و كۆماری ئیسلامیی ئێران و جیهانه‌".

دوای سه‌ردانه‌كه‌ش لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، نێچیرڤان بارزانی وتی:" جه‌ختمان لەوە كردۆتەوە كە دەبێت بەردەوام بین لە هاوكاریكردن و كاركردن لەگەڵ یەكتر بۆ بنبڕكردنی ئەم تیرۆرستانە. لە هەمان كاتیشدا بە بیری خۆمان دەهێنینەوە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا كە داعش هات، كۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتیی عێراق و یارمەتیی هەرێمی كوردستانی دا و دووپاتمان لەوە كردەوە و سوپاسمان كردن بۆ هەموو ئەو یارمەتیانەی پێشكه‌ش به‌ عێراق و هەرێمی كوردستانیان كردووە".

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند: " كۆماری ئیسلامیی ئێران دراوسێیەكی گرنگی ئێمه‌یە، بەردەوام لە هەرێمی كوردستان دەمانەوێ پەیوەندییەكی زۆر باشمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبێت و پێموایە ئێستا پەیوەندیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی باشە و هیوادارین ئەم پەیوەندییە باشتر و باشتریش ببێت، چونكە ئێمە دراوسێی یەكترین و لە ئەنجامدا لەو شوێنانەی ئێمە پێویستیمان بە یارمەتی هەبووە، كۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتیی ئێمەی داوە، لە هەرێمی كوردستانیش له‌ ڕابردوودا دووپاتمان كردووته‌وه‌ و ئێستایش دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كە بە هیچ شێوەیەك نابینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكانمان، بەتایبەتیش بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران".