"فەیلەقی قودسی سپای پاسداران و موجاهدینی لوبنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانی حەماس لە بواری دروستکردنی چەک و تاکتیکی شەڕ و دروستکردنی تونێلی نهێنی و شەڕی شار و هتد."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، گرووپی نێودەوڵەتی: پێش ئەوەی تاقمەکانی خۆڕاگری لە کەرتی غەززە، خەڵکی ئەم ناوچەیە و کەرتی ڕۆژئاوا بەم ئاستە بگەن، ناچار بوون لە کاتی یەکەم ئینتیفازەدا تەنیا بە "بەرد" و کەمترین ئیمکانات ڕووبەڕووی دوژمنی زایۆنی ببنەوە.

لەو کاتەدا سوپای پێشکەوتووی ئیسرائیل دەیتوانی بە کەمترین تێچوو و بەرخۆدان بچێتە ناوچە فەلەستینییەکان و فشار بخاتە سەر خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە بۆ ئەوەی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن یان ملکەچی ئیرادەی تێلاڤیڤ بن.

بەڵام دوای ئینتیفازەی دووەم، گۆڕانکاری لە مەیدانی شەڕ و سەرەتای لاوازیی ڕژێم لە فەلەستینی داگیرکراو دەستی پێکرد. فەرماندەی پێشووی سپای قودس، لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان، لە کۆتایی دەی 90ی زایینی دەرفەتی ڕاهێنان و تەیارکردنی هێزە دوورخراوەکانی بزووتنەوەی حەماس لە لوبنانیان بۆ دروستکردنی چەک و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنی ئیسرائیل ڕەخساند.

ئێستا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە بەسەر دەستپێکی هاوکارییە سەربازییەکانی تاران بۆ بەرخۆدانی کەرتی غەززە، گرووپە فەلەستینییەکان توانای بەرگریکردنیان لە خۆیان وەدەستهێناوە بە هەموو جۆرە مووشەکێک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانێکی هەواڵگریی جەنگی و چەکی دژە زرێپۆش و هەروەها توانایی لەناوبردنی ئامێری جەنگی ئیسرائیل لە غەززە. لەسەر بنەمای ئەمە لە درێژەی ئەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین چاوێک لە ڕۆڵی حاجی قاسم لە پێشخستنی هێزی میحوەری بەرخۆدان لە فەلەستینی داگیرکراودا لێکبدەینەوە.

ڕۆڵی شەهید سولەیمانی؛ خێراکەرەوەی پشتیوانی چەک وچۆڵ و دارایی لە بەرخۆدانی فەلەستین

دوای کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، کۆنترۆڵی ئەم خاکە فەلەستینییە ڕادەستی بزووتنەوەی بەرخۆدانی ئیسلامی فەلەستین، حەماس کرا. لە کاتێکدا تاران لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی دەستی بە پێشکەش کردنی هاوکاری ماددی و مەعنەوی بۆ تاقمە فەلەستینییەکان کرد، بەڵام خاڵی وەرچەرخانی ئەم یارمەتیانە دوای ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ، واتە لەسەر کاریگەریی نەوەی نوێی خۆڕاگری و شەرعییەتی خەباتی چەکداری لە دژی دوژمنی ئیسرائیلی بوو. خاڵی دەستپێکی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و بزووتنەوەی حەماس، ئامادەبوونی سەرکردە باڵاکانی ئەم گرووپە فەلەستینییە بوو لە کۆنفرانسی تاران (١٩٩٠-١٩٩١). تەنیا ساڵێک دوای پێکهێنانی ئەم پێوەندییە ستراتیژییە، یەتزاک ڕابین، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ڕژێمی زایۆنیستی، بە هۆی ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ئەم گرووپە فەلەستینییە لە کاتی ئینتیفازەدا، نزیکەی ٤٢٠ کەسایەتیی سەرەکیی حەماسی بۆ دراوسێی باکووری واتا لوبنان دوورخستەوە. لەو سەردەمەدا سپای قودسی سوپای پاسداران و موجاهدینی لوبنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانی حەماس لە بواری دروستکردنی چەک و تاکتیکی شەڕ و دروستکردنی تونێلی نهێنی و شەڕی شار و هتد. هەندێک کەسایەتی پەیوەندیدار بە میحوەری بەرخۆدان و ئەفسەرانی ئیسرائیل پێیان وایە سولەیمانی چەندین جار بە نهێنی سەفەری بۆ کەرتی غەززە کردووە و بە ئەو ڕۆڵی هەبووە لە بەهێزکردنی قەڵای غەززە لە بەرامبەر ئەگەری هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل.

بە هۆی گەمارۆدانی تەواوەتی خاکەکانی فەلەستین لە لایەن دەزگا سەربازی – هەواڵگرییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، نەتوانرا ڕاستەوخۆ هێڵی بەرهەم هێنانی چەک یان کڕینی ڕاستەوخۆ لە ناو کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە بکردرێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، سەردار سولەیمانی پەیڕەوکردنی دوو ستراتیژی "دروستکردنی تۆڕێکی نهێنی ناردنی چەک" و "بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی بەرگری بە کەمترین ئامێر و ئیمکانات"، خستە بەرنامەی کارەکانی خۆیەوە.

تۆڕی گواستنەوەی چەکی بەرخۆدان فەلەستین لە سێ ڕێگای سودان، میسر و لیبیا ڕێکخرا. لە یەکێک لەو حاڵەتانەدا دەزگای ئاسایشی میسر گواستنەوەی ١٣٨ موشەکی گراد لە لیبیا بۆ کەرتی غەززەی ڕاگەیاند. بەگوێرەی پەیمانگای واشنتۆن، هێزەکانی فەیلەقی قودس و سپای پاسداران هەندێکجار ئامێری دروستکردنی مووشەکیان لە نزیک ئاوەکانی هاوسنووری غەززە بەجێدەهێشت، بۆ ئەوەی موجاهیدینی فەلەستینی بتوانن ئەو چەکانە لە نزیک کەناراوەکان هەڵبگرنەوە. بۆ نموونە بەشێک لە فەرماندە سەربازییەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە لوبنان و ئێران ڕاهێنانیان پێکرابوو بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی کورت مەودای "ئەلقەسام" لە کەرەستەی سادە وەک بۆری و شەکر و هتد. ئەمڕۆ کەتیبەی عزەدین ئەلقەسام و سەرایای قودس بە چەکی پێشکەوتوو وەکوو فرۆکەی بێفڕۆکەوان "شەهاب" و "القاسیف" یان "قاسام"، "فجر"، "بەدر"، "قاسم"، "گراد"، تەیار کراون. کە دەتوانێت تەحەدای سیستەمی بەرگری "گومەزی ئاسنین" بکات و لە کاری بخات. مەودای مووشەکەکانی بەرگری لە نێوان ٣ بۆ ٢٥٠ کم مەزەندە دەکرێت. واتە دەتوانن ناوچە جیاوازەکانی فەلەستینی داگیرکراو بکەنە ئامانج. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، مەزەندە دەکرێت لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە لە نێوان ٤ بۆ ٥ هەزار مووشەکی فەلەستینی بەرەو ناوچە داگیرکراوەکان تەقێنراون.

میراتی سولەیمانی مۆتەکەی ڕژێمی زایۆنیستی

گرنگترین دەستکەوت و میراتی شەهید سولەیمانی لە ڕێبازی بەهێزکردنی تاقمە فەلەستینییەکان، دروستکردنی تۆڕێک و ڕێکاری تەیارکردنی بەرخۆدانی کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززەیە بە شێوەی جۆراوجۆر. لە کاتێکدا کە تێلاڤیڤ و بەشێک لە ڕکابەرە ناوچەییەکانی ئێران هەوڵیان دا لە ڕێگەی "فیتنەی مەزهەبی" یان "شەڕی مەدەنی لە سووریا" گورزێکی جددی لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی تاران لەگەڵ بەرخۆدانی فەلەستین بدەن، شەهید سولەیمانی بە ژیری و چاوکراوەیی هەرگیز یارمەتی سەربازی-دارایی بە بەرخۆدانی فەلەستین و هێزەکانی بزووتنەوەی حەماسی ڕانەگرت. لای حاجی قاسم، پرسی فەلەستین هەرگیز پەیوەست نەبووە بە تەنیا ڕوانگەی "بەرژەوەندی نەتەوەیی"، بەڵکوو وەک "ئەرکێکی ئایینی" پشتیوانی لە گرووپەکانی خۆڕاگری دەکرد. ئێستا دەرئەنجامی دووربینی سەردار سولەیمانی لە کاتی شەڕی گەردەلوولی ئەقسادا بە ڕوونی دەبینرێت.

دوای شەڕی سەیف ئەلقودس، هێزەکانی حەماس بە کەڵک وەرگرتن لە توانای بەرهەمهێنانی چەک و گواستنەوەی هەندێک چەک بۆ کەرتی غەززە، لە هەمان کاتدا جبەخانەی ئەم گرووپە خۆڕاگرییە، خۆیان بۆ ڕۆژی "بەڵێندراو" واتە ٧ی ئۆکتۆبەر ئامادە دەکرد. ئێستا هێزەکانی خۆڕاگری توانای ئەوەیان هەیە بە قووڵایی ٢٤ کیلۆمەتر بچنە ناو خاکە داگیرکراوەکانەوە و گورزی قەرەبوو نەکراوە لە پێکهاتەی سەربازی-ئەمنیەتی ڕژیم بدەن و شەڕێکی درێژخایەن و داڕزێنەر بەسەر دوژمنی ئیسرائیلیدا بسەپێنن. بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنانەی کە دامەزراوە ئابوورییەکانی ڕژیم ئەنجامی دەدەن، تێچووی شەڕی ئیسرائیل و بەرخۆدانی کەرتی غەززە سنووری ٥٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

هەروەها دوابەدوای جێبەجێکردنی سیاسەتی "یەکخستنی مەیدانەکان"، کاری گونجاوی سوپای نیشتمانیی یەمەن لە "عیلات" و حیزبوڵڵای لوبنان لە "بەرەی باکوور" ژیانی ئابووریی ناوچە داگیرکراوەکانی تێکداوە. ئێستا دەتوانین ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوو و ڕەشەبای "گەردەلوولی ئەقسا" و ئەدای نایابی بەرەی بەرخۆدان لە بەرە جیاوازەکاندا بە یەکێک لە نیعمەتەکانی ستراتیژی شەهید سولەیمانی بەرامبەر بە پرسی فەلەستین بزانین.

کۆتا قسە

زاڵبوون بەسەر جیاوازی ڕواڵەت و ڕەگەز و ئایدۆلۆژیا خاڵی دەستپێکی خەباتی هەمەلایەنەی شەهید سولەیمانی بوو بۆ بەهێزکردنی هەموو ئەو گرووپە فەلەستینیانەی کە لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوادان. لە کۆنفرانسی تاران لە ساڵانی ١٩٩٠-١٩٩١ تا شەڕی ٢٢ ڕۆژەی غەززە، شەهید سولەیمانی هەمیشە هەوڵی دابینکردنی هاوکاری دارایی و چەک بۆ گروپە فەلەستینییەکان و دروستکردنی "ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش" لە نێوان ئەوانی دەدا. بە مەبەستی دابینکردنی بواری پێویست بۆ بەرەنگاریی دوژمنی زایۆنیستی.

ئەم یارمەتییانە بووە هۆی ئەوەی کە گرووپە خۆڕاگرییەکانی فەلەستین وردە وردە وەک ئەکتەرێکی کاریگەر لە پێشهاتەکانی ناوچەی شاماتدا بناسرێن. ئەم فەرماندە مەزنە باوەڕێکی پتەوی بەم ڕێبازە هەبوو تا ئەو ڕادەیەی کە لە نامەیەکدا بۆ ئەفسەری دارایی سوپای قودس داوای کرد کە مووچەکەی ئەو بۆ پرسی فەلەستین تەرخان بکرێت تا سەرکەوتنی کۆتایی "برا فەلەستینییەکان" لە دژی ئیسرائیل.

هاوکارییە دڵسۆزانە و بێ وەستانەکانی شەهید سولەیمانی بۆ گروپە فەلەستینییەکان وایکردووە کە وردە وردە لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی بەرگریدا خۆبژێو بن و بەرگری لە نیشتیمانی دایکی خۆیان و یەکەم ڕووگەی موسڵمانان بکەن. ساڵانێک تێکۆشان و هەوڵدان بۆ بەرگریکردن لە دۆزی قودس وایکرد ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی دوای شەهید بوونی سەردار سولەیمانی باس لە ڕۆڵی ئەم شەهیدە لە تەیارکردنی بەرخۆدانی فەلەستین بکات.