بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، محەممەد ئیحسان، کە پێشتر لەسەر پشکی پارتی وەزیری هەرێم بووبۆ کاروباری ناوچە جێناکۆکەکان، ڕاگەیاند:" ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە منی زۆر ڕەشبین كردوو، ئەگەر لەماوەی ئایندەدا هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێن و ژمارەی دەنگ و پێگەی كورد بەم شێوەیە بمێنێتەوە، ئەوە دەبێتە شكستێكی مەزن بۆ كورد لەو ناوچانە چونكە لەساڵانی پێشووتردا ژمارەی دەنگ و پێگەی كورد بەهێزتربوون".
وتیشی:" یەکنەبوونی حزبە کوردییەکان زیانی بە پێگەی کورد گەیاندووە و ئەوان دەبێت بەپەلە هەوڵی گۆڕانکاری لە شێوەی کارکردنیان لەو ناوچانە بدەن، چونکە تەنها پشتبەستن بە هاندانی نەتەوەیی تاسەر سودی نابێت".
وەزیری پێشووی حکومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەی کورسییەکانی کوردی لە ناوچەکە بە "باش” وەسفکرد، بەڵام وتی: " ڕێژەی بەشداری کورد لە ناوچەکە مەترسیدارە و هۆکارەکەی گێرایەوە بۆ مامەڵەی بەرپرسانی حزبە کوردییەکان لەو ناوچانە، بەوەی بەربژێری شارەزایان دیارینەکردووە."
وتیشی: " ئەمە جگە لەوەی ناكۆكی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی خەڵكی نائومێد کردووە و ڕێژەی بەشداری ئێزیدییەکانیش لە کەمپەکان کەمبووە".
محەممەد ئیحسان ڕایگەیاند" پێویستە هەر حزبێک لای خۆی پێداچوونەوە بکات، سەرنج بخاتە سەر خاڵە لاوازەکان نەک خاڵە بەهێزەکان، ئەمە بۆ هەموو حزبەکانە بەبێ موجامەلە. ئێمە نە لە موسڵ و نە لە کەرکوک دەنگی باشمان نەهێناوە".