به‌گوێره‌ى ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌راییانه‌ى له‌باره‌ى دەنگدانی كەركوكه‌وه‌ ئاشكراكراوه‌ كورد به‌ڕێژه‌یه‌كى به‌رچاو پێش پێكهاته‌كانى دیكه‌ كه‌وتووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە هەواڵەکاندا هاتووە: هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى كه‌ركووك به‌ته‌نها هێنده‌ى ته‌واوى لیست‌و پێكهاته‌و حزبه‌كانى دیكه‌ى ده‌نگ هێناوه‌و ڕێژه‌كه‌ى 43%ى ده‌نگه‌كانى ئه‌و پارێزگایه‌یه‌.

شارپرێس نووسی: به‌گوێره‌ى ئەنجامی به‌رایی دەنگدانی كەركوك كه‌ تائێستا 143 هه‌زارو 198 ده‌نگ جیاكراوه‌ته‌وه‌، یه‌كێتى توانیویه‌تى 61 هه‌زارو 221 ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ى 43%ى ده‌نگه‌كانى ئه‌و پارێزگایه‌و پارتیش 17 هه‌زارو 864 ده‌نگ كه‌ ده‌كاته‌ 13%.

هه‌ر به‌گوێره‌ى ئه‌نجامه‌كان به‌ره‌ى توركمانى 17 هه‌زارو 795 ده‌نگى به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ى 13%و هاوپەیمانی عەرەبیش 14 هه‌زارو 873 ده‌نگى هێناوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ى 10%و نەوەی نوێ 9 هه‌زارو 828 ده‌نگ واته‌ 7%ى ده‌نگده‌ران‌و قیاده‌ 8 هه‌زارو 173 ده‌نگ واته‌ 6%و هاوپەیمانی عروبە 6 هه‌زارو 42 ده‌نگ كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ى 4%و كەركوكنا 3 هه‌زارو 242 ده‌نگ واته‌ 2%ى ده‌نگه‌كانى كه‌ركوك‌و هاوپه‌یمانی مه‌شخه‌ڵ (كۆمەڵ‌و یەكگرتوو) 2 هه‌زارو 510 ده‌نگیان هێناوه‌ واته‌ 1.8%و سۆسیالیستیش 104 ده‌نگى كه‌ركوكیه‌كانى به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ ڕێژه‌كه‌ى 0.7%.

بڕیاروایه‌ كاتژمێر 5ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ ئه‌نجامى به‌رایى هه‌ڵبژاردنى گشتى پارێزگاكانى عێراق، له‌لایه‌ن كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ئاشكرابكرێت‌و دواى 24 كاتژمێریش ئه‌نجامى فه‌رمى‌و كۆتایی ڕابگه‌یه‌نرێت.