بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا هێرشی تیرۆریستی "ترسنۆکانە"یان بۆ سەر بارەگای پۆلیسی ڕاسک لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیدانە کرد.
لەو هێرشەدا کە گروپی "جیش ئەلعەدل" بەرپرسیارێتییەکەیان لە ئەستۆ گرت، بووە هۆی شەهیدکردنی جەرگبڕی ١١ ئەفسەری پۆلیسی ئێران و برینداربوونی ٨ کەسی دیکە.
لەم بەیاننامەیەدا ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوخەمی خۆیان بۆ کەسوکاری قوربانیان و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی خێرا و تەواوەتی بۆ بریندارەکان خواست.
جەختیشیان کرد: " تیرۆر بە هەموو شێوە و دەرکەوتەکانیەوە یەکێکە لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی."
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش لە بەیاننامەکەیاندا "جەختیان لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران، ڕێکخەران و لایەنگرانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە دزێوانە کردووەتەوە و دەبێ لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها داوایان لە هەموو وڵاتان کرد، "بەپێی پابەندبوونەکانیان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، هاوکاری چالاکانە لەگەڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لەم کارەدا بکەن".