له‌قه‌زاى سۆرانى سه‌نته‌رى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران ئاگر له‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كى خوێندكاران كه‌وته‌وه‌.

به‌پێى ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بە گوێرەی ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان تا ئێستا 14 كه‌س بە هۆی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران گیانىان له‌ده‌ستداوه‌.

د.كامه‌ران مه‌لا محمد به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سۆران ڕایگه‌یاند: 18 كه‌س گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌و 14 كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
ناوبراو ئه‌وه‌شى خستۆته‌روو، ئه‌و 4 كه‌سه‌ى له‌نه‌خۆشخانه‌ ماون ته‌ندروستیان جێگیره‌.

سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى سۆران رِایگه‌یاند، باڵه‌خانه‌كه‌ له‌لایه‌ن مامۆستاى زانكۆو خوێندكارانى خوێندنى باڵا خۆیان به‌كرێیان گرتووه‌و به‌فه‌رمى به‌شه‌ ناوخۆیی نه‌بووه‌.

راشیگەیاند، ئەو کەسانەی لە روداوی ئاگرکەوتنەوەکە گیانیان لەدەستداوە 10یان پیاون و 4یان ژنن. دۆخی بریندارەکان لە ئێستادا جێگیرە، لیژنەیەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لەسەر روداوەکەش پێکدەهێنرێت.

هەڵگورد نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: لە روداوی ئاگرکەوتنەوەکە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە، باڵەخانەکە 12 شوقەی لەخۆگرتوە و نزیکەی 60 هاوڵاتی تێیدا دەژیا، زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی خنکانەوە بوە.