وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا (پنتاگۆن) رایگه‌یاند: له‌ 17ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی ئه‌مساڵه‌وه‌ 78 جار هێرشكراوه‌ته‌سه‌ر هێزه‌كانیان له‌ سوریا و عێراق و له‌ ئه‌نجامدا 66 سه‌ربازیان برینداربوون.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا دوایین ئاماری هێرشه‌كانی سه‌ر بنكه‌ و باره‌گای هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانی له‌ سوریا و عێراق راگه‌یاند.

به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه‌، له‌دوای ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌وه‌ڵامی ئۆپه‌راسیۆنی تۆفانی ئه‌قسا له‌ 7ی (تشرینی یه‌كه‌م/10) له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ بۆسه‌ر ئیسرائیل، هێرشی به‌رده‌وام ده‌كرێته‌ سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌ سەرکردایەتی ئه‌مریكا له‌ سوریا و عێراق، تا ئێستاش 78 جار كراونه‌ته‌ ئامانج.

سه‌باره‌ت به‌زیانه‌كانی سه‌ر بنكه‌ و باره‌گا سه‌ربازییه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سوریا، پنتاگۆن ئاشكرایكردووه‌، له‌ئه‌نجامی ئه‌و هێرشانه‌ی كراونه‌ته‌سه‌ریان 66 كه‌سیان برینداربوون كه‌ برینه‌كانیان جۆراوجۆرن.
له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستدرێژییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌، هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق و سوریا ڕووبه‌ڕووی هێرشی توند بوونه‌ته‌وه‌ و گرووپە چه‌كداره‌كانی عێراقیش به‌رپرسیارێتی زۆرێك له‌و هێرشانه‌یان له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، به‌تایبه‌ت گروپی مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی عێراقی.

نزیكه‌ی دو هه‌زار و 500 سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌ عێراق جێگیركراون و نزیكه‌ی 900 سه‌ربازی دیكه‌ش له‌ سوریا جێگیركراون، ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و كارانه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا باسی ده‌كات و ئه‌ركیان ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی چالاكیی گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌ له‌و دو وڵاته‌.