بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی، لە لێدوانێكدا وتی: لە نیگەرانییەکانی مووچە تێدەگەن و هیوادارن بە زوترین کات چارەسەر بکرێت، ئەو مامۆستایانەی بایکۆتیان کردووە راستە داواکردنی مافەکانیان رەوایە، بەڵام دەربڕینی ناڕەزاییەکانیان دروست نییە.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە کۆبوونەوەی سەرۆکی یەکێتی و سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆ لە بارەی موچە و بودجە و ئاستی خزمەتگوزاری هاوڵاتیانی عێراق و هەرێم کراوە، دواکەوتنی موچە لەوە زیاتر خراپە.
لە بارەی کۆبونەوەکانی یەکێتی و پارتی سەعدی پیرە ئەوەی ئاشکرا کرد، لەگەڵ پارتی لەسەر سێ پرس رێککەوتون، یەکەمیان پاراستنی قەوارەی هەرێم و رێگریکردنە لە هەوڵەکانی لاوازكردنی قەوارەی هەرێم.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە لەسەر مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمان و زیادکردنی هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوەیەکگرتوەکان لەگەڵ پارتی رێککەوتوون.