وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: هیوادارم دوای ئازادکردنی ژن و منداڵی فەلەستینی و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ئیسرائیل، ناوچەکە بچێتە ناو لاپەڕەیەکی نوێ و بەرەو ئاسایش و سەقامگیری هەنگاو بنێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، لە یەکەم کاردانەوەی خۆیدا بەرامبەر بە دەسپێکی ئاگربەست لە غەززە، وتی: سەرەتا دڵخۆشین کە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە دژی گەلی ستەملێکراو و خۆڕاگری غەززە لانیکەم ڕاوەستاون بۆ چەند ڕۆژێک .

وتیشی: هەوڵەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوومان بە ئامانجی ڕاگرتنی ئەو تاوانانە بوو، هیوادارین لەمەودوا ناوچەکە بچێتە ناو لاپەڕەیەکی نوێ بۆ ئاسایش و سەقامگیری.

وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ ئیسماعیل هەنیە لە قەتەر وتی: ئیسماعیل هەنیە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دەیەویست زیندانییە سڤیلەکان ئازاد بکرێن، بەڵام لایەنی ئیسرائیل ڕێگری لەم بابەتە کرد بۆ ئەوەی بیانووی شەڕی هەبێت.

وتیشی: هەڵسوکەوتی حەماس لۆژیکی و مرۆڤدۆستانەیە، هیوادارم دوای ئازادکردنی ژن و منداڵی فەلەستینی و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ئیسرائیل، ناوچەکە بچێتە قۆناغێکی نوێوە.