ژمارەیەك لە فەرمانبەری هەرێمی كوردستان لە  دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایان تۆماركردووە، داوا دەكەن سەرۆك وەزیران‌و وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان پابەند بكرێن بە جێبەجێكردنی یاسای مووچە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر ،

نۆ فەرمانبەری هەرێمی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایان لەسەر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی تۆماركردووە.

رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو، دادگای فیدراڵی یەكەم دانیشتنی دادبینی لەسەر سكاڵای ئەم فەرمانبەرانە بەڕێوەدەبات.

ئەم كەسانە لە سكاڵاكەیاندا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەن هەریەكە لە سەرۆك وەزیران‌و وەزیری دارایی هەرێم پابەند بكات بە جێبەجێكردنی دروستی یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و كەرتی گشتی ژمارە (22)ی ساڵی 2008ی هەمواركراوی فیدراڵی، بەتایبەتی ماددەكانی (6-7-8-9)ی یاساكە.

لەبەشێكی تری سكاڵاكەدا، ئەم فەرمانبەران داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەن بڕیارو رێنماییەكانی سەرۆك وەزیران‌و وەزیری دارایی هەرێم لەبارەی راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران هەڵبوەشێنێتەوە.