وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا دیداری کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق كۆبونەوەو هەردولا تاووتوێی دواین پێشهاتەكانی ناوچەكەیان كرد.

فوئاد حسێن وتوویەتی: "هەڵكشانی گرژییەكانی ئەمدواییە مەترسیدارەو پێشێلكردنی سەروەری عێراقە".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئالینا ڕۆمانۆڤسكی باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لەڕاگەیه‌ندراوەكەدا هاتوە، فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران‌و وەزیری دەرەوەی عێراق لەنوسینگەی خۆی لەبەغدا، پێشوازیی لەئالینا ڕۆمانۆڤسكی باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق كردو هەردولا تاووتوێی دواین پێشهاتەكانی ناوچەكەیان كرد.

فوئاد حسێن لەكۆبونەوەكەدا ناڕەزایەتی عێراقی لەزیادبوونی هێرشەكانی ئەمدواییانە دەربڕی كە لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردودا لەگۆڕەپانی عێراق ڕویداووە.

دەشڵێت: "ئەم گرژییانە مەترسیدارەو پێشێلكردنی سەروەری عێراقە، ئێمە پابەندین بەپاراستن‌و وڵاتمان‌و هێزەكانی هاوپەیمانان بەگوێره‌ى دەستووری‌و یاساكانی عێراق".

جەختیشیكردەوە، "حكومەتی عێراق ئیدانەی ئەو هێرشە دەكات، كە ناوچەی جورف نەسری بەبێ ئاگاداریی حكومەتی عێراق كراوە، ئەمە پێشێلكردنی ڕون‌و ئاشكرای سەروەریی عێراقە، هەروەها بەپشتبەستن بەدەستوری عێراق هەموو پێشێلكارییەكی سەر سەروەریی وڵات ڕەتدەكەینەوە".