سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" وتی: دەمانەوێت که‌لتوور و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌ی کورد و کوردستانی خۆشه‌ویست به نه‌‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی جیهان بناسێنین .

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،
"ئەمیرعەلی محەممەد تاهیر" سه‌باره‌ت ئامانجه‌کانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دهۆک" گوتی: ستراتیجی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی ئه‌م فێستیڤاڵه ئه‌وه‌یه که ئێمه هه‌ر ساڵه و بێی وه‌ستان، به‌‌ڕێوه‌ی ببه‌ین و مه‌به‌ستی ئێمه هێواش هێواش مسۆگر ده‌بێت و هه‌ر جاره، ئامانجی به‌رچاوتر بۆخۆمان دیاریی ده‌که‌ین و به‌ بڕوای من، ئه‌وه زۆر گرینگ و پڕبایخه. ئێمه له هه‌ر خولێک، خه‌ڵکی دهۆک له ته‌نیشت خه‌ڵکی خۆشه‌ویستی کوردستان، به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌کتریی به‌ره‌و پله‌یه‌کی به‌رزتر له بواری که‌لتوور و ڕۆشنبیری هه‌نگاو ده‌نێین و هه‌ر جارێک، ئامانجی نوێی پێشکه‌ش به نه‌ته‌وه‌ی خۆ‌مان ده‌که‌ین. هه‌موو کات، ڕامان گه‌یاندووه به‌رده‌وامبوونی ئێمه له به‌ڕێوه‌بردنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دهۆک"، خۆی سه‌رکه‌وتن و سه‌ربڵیندییه؛ چونکه ئێمه له‌م ناوچه‌یه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه و گرفتی زۆر تێپه‌ڕ بووین هه‌ر ساڵێک به پشتیوانی هاوکاران و دڵسۆزانی خۆمان ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه له شاری دهۆک ساز ده‌که‌ین. ‌
ئاشنایی سینه‌مای به‌‌هێز و پڕبایخی جیهان له‌گه‌ڵ سینه‌مای کوردستان
سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" له درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: یه‌کێکی دیکه له ئامانجه‌کانی فێستیڤاڵ، ئه‌وه‌یه که له قۆناغی یه‌که‌مدا ئێمه که‌لتوور و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌ی کورد و کوردستانی خۆشه‌ویست به نه‌‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی جیهان بناسێنین و گه‌شه کردن و په‌ره‌پێدانی ‌ئه‌م په‌یوه‌ندییه پڕبایخه فه‌رهه‌نگی و ڕۆشنبیرییه بۆ ئێمه یه‌گجاو زۆر گرینگه. له قۆناغی دووهه‌مدا، ڕه‌خساندنی به‌ستێنێک و بوارێکی گونجاو بۆ گه‌نجان و سینه‌ماکارانی کورد که لێره به‌رهه‌مه سینه‌ماییه‌کانی خۆیان به‌رهه‌مبێنن و ئاماده‌یان بکه‌ن. له قۆناغی سێهه‌میشدا ئاماده‌بوونی سینه‌ماکارانی جیهان له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک"؛ ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که په‌یوه‌ندیی که‌لتووریی و هونه‌ریی و به تایبه‌ت ئاشنایی سینه‌مای به‌‌هێز و پڕبایخی جیهان له‌گه‌ڵ سینه‌مای کوردستانه پێکبێت.

بانگهێشت له کۆمپانیا سینه‌ماییه‌ بیانییه‌کان بۆ هه‌رێمی کوردستان
ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو: گرینگتیرن ئامانجی ئێمه ئه‌وه‌یه که له هه‌ندێک له کۆمپانیا سینه‌ماییه‌ بیانییه‌کان بانگهێشت بکه‌ین تاکوو سه‌ردانی ئێره بکه‌ن و هه‌رێمی کوردستان وه‌کوو لۆکه‌یشێن و شوێنی سه‌ره‌کی وێنه‌گرتنی فیلمه‌کانی خۆیان ده‌ستنیشان بکه‌ن. هیوادارم که له داهاتوویه‌کی نزیکدا، که‌لتوور و سروشت و ڕه‌سه‌نی هه‌رێمی کوردستان و به تایبه‌ت شاری دهۆک، له کامێڕا و چاویی سینه‌ماکارانی جیهان له فیلمه‌کانیاندا ببینین. هه‌روه‌ها گه‌شه‌کردنی ئابووریی، گه‌شتیاریی و ... له مه‌به‌سته‌کانی دیکه‌ی ئێمه‌یه له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه‌دا.

سپاس له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و پارێزگاری دهۆک بۆ پشتیوانی له فێستیڤاڵ
سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" لە کۆتایی قسه‌کانیدا جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌: ئه‌مساڵیش هه‌ر وه‌کوو ساڵی ڕابردوو، دکتۆر "عەلی ته‌ته‌ر" پارێزگاری دهۆک، میزانییه‌ی به‌‌ڕێوه‌بردنی دەیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دهۆک"ی له ئه‌ستۆ گرت. سپاس و پێزانینمان هه‌یه بۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و به تایبه‌ت پارێزگاری دهۆک، که ئه‌مساڵیش دڵسۆزانه له ته‌نیشت ئێمه‌دا ئاماده‌ن و به‌م جووڵانه‌وه پڕبایخه‌ی خۆیان، بوونه هۆی ئه‌وه‌ی که ئێمه‌ فێستیڤاڵ، بگه‌یه‌نینه ده‌هه‌مین خول و مه‌نزڵی خۆی.

وه‌رگرتنی ٧٠٠ فیلم له بەشی "سینەمای جیهان" و "سینەمای کوردی"
له درێژه‌ی ئه‌م کۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌دا، "حه‌سه‌ن عارف" به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی گشتیی دەیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دهۆک" گوتی: ئێمه ڕامانگه‌یاندبوو که له ڕۆژی ١٠ی ژوئه‌ن واته حوزه‌یرانی ٢٠٢٣ فیلمه‌کان بۆ به‌شداریی له دەیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دهۆک" له ڕێگای ده‌رگای فیلمه‌وه، وه‌رده‌گرین؛ دوای ٣ هه‌فته و له ڕێگای ئۆنلاینه‌وه ٥٠٠ فیلم بۆ به‌شداریی له بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان" و هه‌روه‌ها بەشی کێبڕکێی "سینەمای کوردی" به‌ده‌ستمان گه‌یشت. نزیکه‌ی ٢٠٠ فیلمیش له ڕێگای ئه‌ندامانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دهۆک" که له فێستیڤاڵه جۆراوجۆره جیهانییه‌کاندا ئاماده‌ بوونه، ده‌ستنیشان کراون و به ئێمه‌یان ناساندووه.

هه‌ڵبژاردنی ١٠٠ فیلم بۆ پیشاندان له به‌شی کۆتایی فێستیڤاڵ
هه‌روه‌ها گوتیشی: دوای داخستنی ده‌رگای فیلم، ئه‌ندامانی لێژنه‌ی هه‌ڵبژاردنی دەیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دهۆک"، کاری خۆیان ده‌ست پێکرد و ١٠٠ فیلمیان لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان بۆ به‌شی کۆتایی فێستیڤاڵ ده‌ستنیشان کرد.