سەرۆکی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن وتی: برایانمان لە هێزی ئاسمانی یەمەن و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان چەندین ئۆپەراسیۆنیان دژی ئامانجەکانی دوژمنی ئیسرائیل ئەنجامدا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەبدولمەلیک بەدرولدین ئەلحوسی، ڕێبەری بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن، لە وتارەکەیدا جەختی کرد: شەرەف و کەرامەت و شانازیی نەتەوەی ئیسلامی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکی جیهادە.

ئەلحوسی وتی: هەڵوێستی زیاتر لە یەک ملیار موسڵمان لە بەرامبەر بەڵا گەورەکانی نەتەوەی فەلەستین کە زیاتر لە ٧٠ ساڵە بەردەوامە، هەڵوێستی سنووردار و لاوازە.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: غەززە لەگەڵ جینۆسایدی بەکۆمەڵ و کوشتنی خەڵکی بێتاوان لە مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانە و قوتابخانەکانی سەر بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە بۆ پەنابردن چوونەتە ئەوێ، ڕووبەڕوو بووەتەوە.

ئەلحوسی وتی: کەرتی غەززە ڕووبەڕووی گەمارۆی هاوبەشی عەرەبی و ئیسرائیل بووەتەوە و وڵاتانی دراوسێی هەوڵی جدی نادەن بۆ گەیاندنی خۆراک و دەرمان و پێداویستییە مرۆییەکان.

ئەلحوسی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ان شاءاللە هێرش دەکەینە سەر کەشتیەکانی دوژمنی ئیسرائیلی لە دەریای سوور و سزایان دەدەین. با هەموو جیهان بزانێت کە بێ گومان لە هەموو ئاستێکدا کە لە تواناماندا بێت ئەوان دەکەینە ئامانج.