رابه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌دوای به‌یاننامه‌كه‌ی كۆتایی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی ستایشی هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاتانه‌ی كرد كه‌ ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیلیان بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ كرد و 10 پێشنیازی بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ كرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە تۆڕی كۆمەلایەتی (ئێكس)، ستایشی بەیاننامەكەی كۆبونەوەی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی كرد كە لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو.

سەدر چەند پێشنیازێكی ئاڕاستەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كرد كە دیارترینیان داوایه‌كه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ كه‌ سوپاكانیان بخەنە حاڵەتی ئامادەباشیەوەو بایكۆتی ئابوری سەرتاسەری ئیسرائیل بكه‌ن.

له‌ پێشنیازه‌كانی سه‌درا بۆئه‌و وڵاتانه‌ هاتووه‌: ئاسایكردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل بە تاوان بناسێنرێت و ناردنی نەوت بۆ ئیسرائیل رابگیرێت "ئه‌گه‌ر هه‌بێت"، داواشیكردووه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ باڵیۆزخانەكانی ئیسرائیل دابخه‌ن و هه‌مووشیان له‌یه‌ك كاتدا خۆپیشاندان له‌پێناو غه‌ززه‌ ساز بكه‌ن.

ئه‌م داواكارییانه‌ی سه‌در له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر ناوبراو داوای له‌ لایه‌نگرانی ره‌وته‌كه‌ی و هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب كردبوو بچنه‌ سنووری ئه‌و وڵاتانه‌ی سنووریان به‌ ئیسرائیله‌وه‌یه‌ و له‌وێ خۆپیشاندان ساز بكه‌ن