سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی باری ئامادەیی ڕاگەیاند بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ئەو هێزانە بەمەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پێشهاتێک لە ڕۆژانی داهاتوودا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، "عەبدولعەزیز ئەلمحەمەدەوی، بەرپرسی ئەرکانی فەرماندەیی هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق کە نازناوی "ئەبو فەداک"ی لێنراوە، ئەمڕۆ حاڵەتی ئامادەیی ڕاگەیاند بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ئەم هێزانە بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا بتوانن ڕووبەڕووی هەر پێشهاتێک ببنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی مەڵبەندی فەرماندەیی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هاتووە: لە میانەی کۆبوونەوەکەدا بە سەرۆکایەتی عەبدولعەزیز محەمەدەوی و بەرپرسانی تری ئەم ڕێکخراوە، دوایین پێشهات و ئاستەنگە ئەمنییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا پێداچوونەوەی لەسەر کرا.

پێش ئەمەش هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ شەڕڤانانی فەلەستینی کردەوە و داوای لە گەلانی جیهان کرد کە بۆ یارمەتیدانی فەلەستینییەکان هەستن.