بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق ڕایگەیاند: "دوو مووشەکی 'گراد'، ئاراستەی بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کراون".
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق ڕایگەیاند کە دووبارە بە ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەکی "گراد"، بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کراوەتە ئامانج، ئەمەیش دوای ئەوە دێت لە میانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چوار جار ھێرش کراوەتە سەر بنکەکە.
سەرچاوەکە زانیاری زیاتری لەبارەی زیانی ھێرشەکە نەخستووەتەڕوو.
بەپێی زانیارییەکان، دوای ھێرشەکە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەکانی دەورووبەری بنکەکەدا ئەنجامداو و لە میانیدا، دەستیان بەسەر ئەو سەکۆیەنەدا گرتووە کە مووشەکەکانیان لێوەی ئاراستەکراون.
ھاوکات گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق نزیک لە حەشدی شەعبی بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد ڕاگەیاند.
تا ئێستا ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ھیچ ڕاگەیاندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمە پێنجەم جارە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە هێزی سەربازیی ئەمریکای تیایدا جێگیرکراون، دەکرێتە ئامانج.