دوای ئەوەی دوو باڵی بزووتنەوە دژی یەک لێدوانیان دا به‌هۆی ته‌واو نه‌بوونی نیسابی یاساییه‌وه‌، كۆنگره‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی بۆ ماوه‌ی (10) ڕۆژ دواخرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بڕیاربوو ئه‌مڕۆ 30ی ئه‌یلولی 2023، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌هۆڵی یانه‌ی وه‌رزشی پێشمه‌رگه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ كۆنگره‌ ببه‌ستێت‌.

لە حاڵێکدا کە ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو باڵی‌ كامیلی‌ حاجی‌ عه‌لی‌‌و عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز زیاتر لە رابردوو ئاشکرا بوو، کۆنگرەی ئەو‌حزبە دوا خرا.

میدیاکان رایانگەیاند باڵەکەی كامیلی‌ حاجی‌ عه‌لی‌ ڕایگه‌یاندووە به‌هۆی زیادكردنی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ له‌لایه‌ن باڵه‌كه‌ی دیكه‌وه‌ بایكۆتی كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

ته‌نها باڵی عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز چوونه‌ ناو هۆڵی كۆنگره‌كه‌و نیسابی یاسایی پڕ نەکرایەوە و بەو بۆنەوە‌ ڕێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامان ته‌واونه‌كراو كۆنگره‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان بۆ 10 ڕۆژى دیكه‌ دواخرا.