بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لەلێدوانێكدا رایگەیاند "وەك لە رابردوودا جەختمانكردبوەوە تەنها بە یەكگرتوویی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا دەتوانین ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەكان ببینەوە و لە پەرتەوازەیدا تەنها گەلەكەمان زەرەر دەكات.
وتیشی:" ئەوەش بە ڕوونی سەلمێنراوە و تەنها كاتێك هەمووان پێكەوە كاربكەن دەتوانن ئاسۆیەكی گەشتر بۆ گەلی كوردستان بهێننە دی."
لە بارەی پێدانی قەرزەوە لەلایەن بەغداوە بە هەرێم، حاكم قادر ھێمای بۆ ئەوەكرد، "مووچە مافێكی رەوای ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستانە و ناكرێت وەك قەرز پارەیان بۆ دابین بكرێت، بە تایبەت كە لە ئایندەدا بارگرانییەكی زیاتر بۆ هەرێم دروست دەكات و كێشەكان زیاتر دەكات و پێویستە كێشەی شایستە دارایییەكانی هەرێم لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكرێت بەپێی دەستوور، نەك قەیرانەكان قوڵتر بكرێنەوە."
حاكم قادر پێداگری كرد كە ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت پێویستە سەرجەمی بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان خەرج بكرێت و بە هیچ جۆرێك پارەكە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی دیكە بەكار نەهێنرێت، چونكە مووچەخۆران سەبری زۆریان گرتووە و لە دۆخێكی خراپدان و دەبێت بە خێرایی مووچەكانیان پێ بدرێت.