بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغدا كۆبوونەوە.
هادی عامری لەم دیدارەدا هێرشی مووشەکی تورکیا بۆ سەر فرۆکەخانەی عەربەتی ئیدانە کرد.
جەختیشی کردە سەر زەروورەتی کشانەوەی هەموو هێزە بیانییەکان لە عێراق و وتی: هێرش بۆ سەر هەر ناوچەیەک لە عێراق وەکوو ئەوەیە هێرش کرابێتە سەر هەموو عێراق.
لەكۆبوونەوەكەدا هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت، سەروەریی خاكی عیراق و پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە گفتوگۆی لەبارەوەكرا و هەماهەنگی بەردەوامیی نێوان لایەنەكان بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عیراق و هەرێم جەختیلێكرایەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی ئەمنی و لێكەوتەكانی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت رایگەیاند: "دەستبردن بۆ دامەزراوە سەربازی، یاسایی و دەستوورییەكان پێشهاتێكی مەترسیدارە و پێویستە هەموومان پێكەوە روبەڕووی ببینەوە، نابێت رێگەبدرێت لەژێر هیچ پاساوێكدا سنووری وڵات ببەزێنرێت".
لەبارەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەشەوە بافڵ تاڵەبانی وتی: "یەكدەنگی و یەكگرتووییمان بەرامبەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانییە و پێویستە هەموومان پشتیوانیی لێبكەین".
وتیشی: "تێكەڵكردنی هەڵەبجە بە كێشە سیاسییەكانەوە مایەی نیگەرانییە، چونكە ئەم پرسە پەیوەستە بە ویژدان و بەرپرسیارێتیمانەوە"