بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ماوەیەكە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئامادەكاری بۆ ئەم هەڵمەتە دەكات و یەكەم راگەیەندراویان ئاراستەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كردووەو كاركردن بۆ دروستكردنی فشار لەسەر دۆسیەی زیندانیانی بادینان بەردەوام دەبێت.
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت: ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی ماوەی زیندانی زیاد دەبنەوە و دەبێت بەزوویی شێروان شێروانی و گوهدار زێباری ئازاد بكەن.
روونیشیكردەوە "ڕۆژنامەنووسان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ەوە دوای دادگاییكردنێكی نادادپەروەرانە لە هەرێمی كوردستان زیندانیكراون، ڕووبەڕووی تۆمەتی نوێی ساختە دەبنەوە. بڕیاربوو گوهدار زێباری لە ١٦ی ئاب ئازاد بكرێت، بەڵام لە هەمان ڕۆژدا ئاگاداركرایەوە كە بە تاوانێكی دیكە تۆمەتبار كراوە. بڕیاربوو شێروان شێروانی لە ٩ی ئەیلول ئازاد بكرێت، بەڵام لە ٢٠ی تەمموزدا دادگا سزای چوار ساڵی دیكەی زیندانیكردنی بەسەردا سەپاند".
ئاماژە بەوەشدەكات "ئەو ڕۆژنامەنووسانە سەرەتا لە مانگی شوباتی ٢٠٢١ لەگەڵ سێ چالاكوان لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێرەوە بە شەش ساڵ زیندان سزادرابوون. ئەو سێ چالاكوانە لە 16ی ئاداری 2023 ئازاد كراون، دەبێت بەخێرایی گوھدار زێباری و شێروان ئازاد بكرێن".