بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ میدیای نزیك لە پارتی رایگەیاند: هەرێمی كوردستان بەر لەوەی بەشێك بێت لە نەخشەی وزەی جیهانی، هەرێمێكی دەستووری دانپێنراو بووە، كە پێشتریش لەسەر ئەو بنەمایە توركیا پەیوەندییەكی ئەرێنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبووە و دواتر پاش پەرەپێدانی وزە لە هەرێمی كوردستان ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرەیسەند.
دەشڵێت: "ماكینەیەكی گەورە هەیه كە كار دەكات لەسەر بێهیوا و بێئومێدكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ئاییندەی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان، لەو چوارچێوەیەدا بەشێك له لایەنە سیاسییەكان لەپاڵ خەڵك و لەپاڵ بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان كاریان نەكردووە، بۆ نموونە لە مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق لاوازكردنی هەرێمی كوردستانیان بە لاوە گرنگ نەبووە."
وتیشی :"وەزیری نەوتی عێراق كە سەردانی توركیای كردووە، پێشێلی مافی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كردووە، لە كاتێكدا سەبارەت بە دۆسیەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، خودی هەرێمی كوردستان لایەنێكی سەرەكییە، بەڵام وەزیری نەوتی عێراق و شاندی یاوەری بەبێ بەشداریپێكردنی هەرێمی كوردستان چوونەتە ناو ئەو دۆسیەیە و تاووتوێكردنی لەگەڵ لایەنی توركی، كە پێویست بوو هەرێمی كوردستان بەشێك بێت لە گفتوگۆكان. لەمەوە روون دەبێتەوە كە ئەو پرسە بە سیاسی كراوە نەك تەكنیكی".
راشیگەیاند "هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی چەندین شاندی بۆ بەغدا ناردەوە، بەڵام ئەوان دوای هەر چارەسەرییەك، كێشەیەكی نوێ دروست دەكەنەوە، كە ئەمەیش پەیوەستە بەو خواست و عەقڵییەتەی چاوی لە دووبارە بەناوەندكردنەوەی عێراق و سڕینەوەی هەرێمی كوردستانە، لەو چوارچێوەیەیشدا عەقڵییەتێكی كوردی هەیە پشتوانی لەو عەقڵییەتە عێراقییە دەكات".
روونیشیكردەوە، شاندی تەكنیكی هەرێمی كوردستان رۆژی هەینی 25ـی ئابی 2023 سەردانی بەغدا دەكاتەوە. چوونی ئەو شاندە تایبەتە بە كارەكانی یاسای نەوت و غاز، بۆ ئەوەی هەمان ئەو سیناریۆیانەی لە یاسای بوودجەدا دروست بوو، روو نەداتەوە، كە تا ئێستا حكومەتی عێراق سەرەڕای پەسندكردنیشی پێوەی پابەند نەبووه بەتایبەت بۆ ناردنی ماف و شایستەكانی هەریمی كوردستان.
سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی مانگی تەممووزی 2023، رایگەیاند، هیچ شتێك نەماوە تاوەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان شاندی بۆ بنێرێتەوە. هەرێمی كوردستان هەموو جۆرە رێككەوتنێكی لەبارەی بوودجە و مووچەوە كردووە و هەموو جۆرە پابەندییەكی سەری جێبەجێ كردووە، بۆیە ناردنەوەی شاند بۆ بەغدا نازانرێت لە پای چی بێت؟ بۆیە هاتنی مووچە پەیوەستە بە رادەی پابەندبوونی حكومەتی عێراق بە رێككەوتنەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ناردنی مافی خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئەگەریش ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت، ئەو كات هەرێمی كوردستان قسەی جیددی خۆی دەبێت.