بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ هەلومەرجی كوردستان بە قۆناخێكی هەستیار و پڕ ئەركدا تێدەپەڕێ، كە چارەنووسی هەرێم و هاووڵاتیانی پێوە بەندە، بۆیە زیاتر پێویستمان بە هەماهەنگی و هاودەنگییە بۆ ئەوەی پارت و هێزە سیاسییەكان ڕۆڵی شیاوی خۆیان ببینن بۆ بەهێزتركردنی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسییانەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێك كە بە ئامانجی لاوازكردنی قەوارەی هەرێم و پێشێلكردنی دەستوور لە ئارادابێت".
مەكتەبی سیاسی پارتی لە راگەیەندراوێكدا بەبۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبەكەوە رایگەیاند " ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە داكۆكیمان لە پرەنسیپەكانی دیموكراسی و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات كردووە و لەو ڕووەوە هەوڵیشمان داوە تا هەڵبژاردن لە وادەی گونجاوی خۆی بكرێ، بۆیە پشتیوانی لە فەرمانی هەرێمی ژمارە(252)ی ساڵی(2023)ی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین بەدیاركردنی رۆژی(25)ی شوباتی ساڵی(2024) وەك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خوولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان".
ئاماژە بەوەش دەكات "ئەم هەڵبژاردنە متمانە و شەرعیەت بۆ دامەزراوەكانی كوردستان نوێ دەكاتەوە بە پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتێكی تازە، تا بونیادنانی دەستوورێكی سەردەمی بۆ هەرێمی كوردستان كە حوكمڕانییەكی تۆكمەتری لێ بكەوێتەوە، هاوكات دەنگیشمان زوڵاڵتر دەكات لە عێراق بۆ داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی كوردستان، لە ناوخۆیشدا بە ئیرادەیەكی جیددیتر كار بۆ چاكسازییەكی سەرتاسەری بكەین، كە بە قازانجی بەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و شەفافیەتی زیاتر و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان بشكێتەوە".
لەبارەی رەوشی عێراقەوە مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژە بەوە دەكات "لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵیش تاكو جارێكی دیكە كێشە و قەیرانەكان دووبارە نەبنەوە، هەموو هەوڵێك دراوە تا دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت ڕێچكەی راستی خۆی بگرێ و ڕێككەوتنەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و كارنامەی حكومەتی فیدراڵ جێبەجێبكرێن بۆ چارەسەركردنی یەكجارەكی بابەتە گرنگەكانی ئەمڕۆ لە ئارادان، وەكو مادەی (140) و پرسی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم و بابەتی نەوت و پرسە هەڵواسراوەكانی دیكە