یەکێتى نیشتمانى کوردستان و حزبی شیوعى کوردستان هاوپەیمانێتییەکیان بۆ بەدارى لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە کەرکوک پێکهێنا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرچاوەیەک بە شارپرێسى ڕاگەیاند، ئەمڕۆ حزبی شیوعی کوردستان و یەکێتی نیشتمانى کوردستان لە کەرکوک هاوپەیمانێتی ڕادەگەیەنن.

ئەو سەراوەیە وتیشى: یەکێتى و شیوعى بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن و حزبی شیوعی نوێنەرێکی دەبیت ئافرەتە و لەزنجیرەی چوارى لیستەکە دەبێت.

سەمیرە ئەحمەد، هاوسەری شێخ سدیق، جێگری سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، کاندیدی حزبی شیوعییە لە لیستەکەى یەکێتى و شیوعیدا.

سبەینێ کۆتا وادەیە بۆ تۆمارکردنى ناوى قەوارە و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق کە وابڕیارە لە ١٨/١٢/٢٠٢٣ بەڕێوەبچێت و تائێستا، پارتى و یەکێتى لەسەر دروستکردنى یەک لیستى کوردى لە ناوچە دابڕێنراوەکان نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن