بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،مەسرور بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێکدا رایگەیاند: "نۆ ساڵ لەمەوبەر، تیرۆریستانی داعش هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری و بەوهۆیەوە، هەزاران کەس لە دانیشتوانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە کران، لەم یادە خەمگینەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەمو قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە.
وتیشی: بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی خۆڕاگری و قارەمانیەتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە دەکەینەوە، کە ئەفسانەی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان ڕزگارکرد و داستانێکی مێژوییان تۆمار کرد.
ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەستخۆشی لە هەمو ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی کوردی ئێزیدی بە فەرمی بە جێنۆساید ناساندوە، هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت لە کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان".
مەسرور بارزانی دەڵێت، "دوای تێپەڕبونی نۆ ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبوەتەوە و بەهۆی خۆسەپێنی میلیشیا و گروپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و ناوچەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە.