په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوی ئیسلامیی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق دەڵێت: هه‌رێم به‌ش ده‌كه‌ن و له‌دوای ئه‌و هه‌موو داهات و ته‌خشان و په‌خشانه‌ مووچه‌ ناده‌ن.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، د. موسەننا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی یەكگرتوو، سه‌ردانی خه‌ڵكی ناڕازیی كفری كردووە كه‌ بۆ داواكاریی خزمه‌تگوزاری گردبوونه‌ته‌وه‌.

موسەننا ئەمین له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا وتی: "حكومه‌ت كه‌ڕ و لاڵ و كوێره‌، حكومه‌ت سه‌روه‌ریی نه‌ما و ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌شی لێ سه‌ندرایه‌وه‌ كه‌ تاڵانی ده‌كرد".

هەروەها ئەوەشی وتووە: "هه‌رێمی كوردستان ئاشبه‌تاڵێكی راگه‌یاندووه‌و هه‌ر ئه‌وه‌ ماوه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌مه‌ ئاشبه‌تاڵ نییه‌ كه‌ تازه‌ هه‌رێم به‌ش ده‌كه‌ن و له‌دوای ئه‌و هه‌موو داهات و ته‌خشان و په‌خشانه‌ مووچه‌ ناده‌ن، ئایا ئه‌مه‌ ئاشبه‌تاڵ نییه‌ كه‌ شه‌ڕی ناوخۆ زیندوو ده‌كه‌نه‌وه‌".

پەرلەمانتارەكە دەشڵێت: هه‌رێم هیچ شانازییه‌كی نییه‌ كه‌ بۆخۆیی باس بكات، خه‌ڵك ده‌رفه‌تی هه‌ناسه‌دانی نییه‌ وه‌كو پێویست، بۆیه‌ ده‌بێت پشتیوانی له‌مجۆره‌ خه‌باتی مه‌ده‌نییانه‌ی وه‌ك خه‌ڵكی كفری بكرێت.