سەرکردەیەکی سەر بەهاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە، خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەکانی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لەنزیک ناوچەی سەوزی بەغدا، بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسییە نەوەک نیگەرانیی لەسوتاندنی قورئانی پیرۆز.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عائید هیلالی سەرکردەی سەر بەهاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا وتویەتی، "خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتیی دەربڕینەکانی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لەنزیک ناوچەی سەوز لەبەغدا لەژێر ناوی ناڕەزایەتیی لەسوتاندنی قورئانی پیرۆزو ئاڵای عێراق بۆ گەیاندنی پەیمانی سیاسییە بۆ دوو لایەن".

بەوتەی هیلالی لایەنی یەکەم کە ڕەوتی سەدر دەیەوێت لەڕێگه‌ی ناڕەزایەتیی دەربڕینەکانەوە پەیامی بۆ بنێرێت بریتییە لەچینە سیاسییەکە، بەوەی ڕەوتی سەدر خواستی گەڕانەوەی بۆناو گۆڕەپانی سیاسیی لەئایندەیەکی نزیکدا هەیە، هەروەک پەیامی دوەمیش بۆ بنکە جەماوەرییەکەی ڕەوتەکەیە بەوەی دەیانەوێت بگەڕێنەوەو بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن‌و هێشتا کۆنترۆڵی شەقامیان بەدەستەوەیە.