بۆ یه‌كه‌مجار بەرپرسێكی باڵای هەرێمى كوردستان “ئیدانەی” بڕیارێكی د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق دەكات‌.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شەوی ڕابردوو (لویس ساكۆ) پاتریاكی بابلی كلدانەكان لەعێراق‌و جیهان بەغدای بەرەو هەولێر بەجێهێشت ئەمەش دوای ئەوەی لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق ئەو مەرسومەی هەڵوەشاندەوە كە تێیدا ساكۆ وەكو بەرپرسی وەقفی مەسیحییەكان لەعێراق دەناسێنێت.

سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، كێشەكە لەبنەڕەتەوە پەیوەندیی بەناكۆكی دامەزراوەی ئاینیی مەسیحییەكان‌و باڵی سیاسی مەسحییەكان لەعێراق هەیە، دامەزراوەی ئاینیی لویس ساكۆ نوێنەرایەتی دەكات كە لەلایەن ڤاتیكانەوە دانراوە‌و ئەمریكا‌و ئەوروپا پاڵپشتی لێدەكەن، باڵە سیاسییەكەش كە (ڕەیان كلدانی) سەرۆكی بزوتنەوەی (بابلیۆن)ە، مەسحییەكی سەر بەحەشدی شەعبی نزیك لەئێرانە.

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەتویتێکدا ڕایگەیاند، “بەخێرهاتنێکی گەرمی قەداسەتی پاتریاک لویس ساکۆ دەکەین بۆ هەولێر؛ پایتەختی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو ئایین‌و ئایینزاو نەتەوەکان”.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکردوە، هەرێمی ‏کوردستان بەردەوامدەبێت لەپشتیوانیکردنی کریستیانەکان‌و ڕاشیگەیاندوە، “نیگەرانیی خۆشمان لەو مامەڵە نەشیاوەی بەرامبەر بە بەڕێزیان {لویس ساکۆ} کراوە دەردەبڕین.