ئاژانسی هەواڵی مێهر بەشی نێودەوڵەتی: بە بڵاوەکردنی فیکری توندرەوانەی سەلەفی لە ناو رۆژهەڵاتی ناڤین و بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە هەر زوو کارناسان زەنگی مەترسی و هەڕەشەی ئەم فیکرە توندڕەوانەیان لێدا و هۆشدارییان دا کە خەریکە لە ناوکوردستاندا لایەنگر وەردەگرێت.
کۆمەڵگای ئیسلامی و زیاتر عەشیرەیی لە کوردستانی ئێران و عێراق هەر زوو بیری سەلەفی و داعشی دزەی تێدا کرد بەڵام دەیان ساڵە و هەتا ئێستاش نەیتوانیوە بە هیچ جۆرێک لەم کۆمەڵگایەدا جێگای خۆی بکاتەوە و ببێت بە گوفتمان و فیکرەی زاڵ .
لەم دواییانەدا بابەتی سەلەفییەت لە هەرێمی کوردستان بە چەند بابەتێک لە سوشیال میدیادا ورووژا ، بەتایبەت دوای ئەوەی بەناو بانگخوازێکی خەڵکی سلێمانی ئیهانە و تەشهیری بە زانایانی پێشەنگی ئەهلی سوننە وجەماعەت کرد و هەرایەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نایەوە و بە هەزاران مامۆستا و پسپۆڕی بابەتە ئایینییەکان، ئیدانەی لێدوانەکەیان کرد و وتەکانیان رەتکردەوە.
دوای چەند رۆژێک لەم هەرایە گەنجێک لە بەر جیاوازی بۆچوونی ئایینی لە چەمچەماڵ لە لایەن کەسێکی توندڕەو تیرۆر کرا کە وتراوە قوتابی هەمان بانگخوازە کە سووکایەتی بە زانایانی پێشەنگ دەکات و بە کافر و موشریکیان ناو دەبات.
ئەم بابەتانە و پەرەسەندنی سەلەفییەت لە هەرێمی کوردستان هەڵیناین بۆ ئەوەی گفتوگۆ لە گەڵ کارناسانی بابەتە ئایینی و سیاسییەکان بکەین لە سەر هۆکارەکانی پەرەسەندنی فیکرەی سەلەفی لە کوردستانی عێراق و ئازاد بوون و پشتیوانی کردنی بانگخوازانی سەلەفی و وەهابی لە لایەن حزبە حاکمەکانی هەرێم.
لەمبارەوە ئێحسان یاسین زەڵمی، کارگێڕی پەیوەندییە سیاسییەکانی مەڵبەندی سلێمانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی مێهر وتی: چەند رەهەند دەبێ لەبەرچاو بگیردرێت بۆ ئەوەی بزانین هۆکار چییە کە رۆژ لە دوای رۆژ بیری سەلەفیەت لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت سلێمانی هەڵەبجە و چەمچەماڵ پەرە دەسێنێت.
ئێحسان زەڵمی وتی: دەسەڵاتی کوردی بۆ بەرژەوەندی خۆی و کەڵک وەرگرتن لە سەلەفییەکان پاڵپشتیان دەکات ، بۆیە سەلەفییەکان لە هەر شوێنێک داوای مزگەوت دەکەن ئازادن ، مەدرەسە و خوێندنگەیان بۆ دەکرێتەوە، ئاسایش ڕێگرییان لێناکات و بە ئازادانە خەریکی پەرەدان بە هزر و بیری سەلەفییەتن لەم کوردستانەدا. ئەوەی بەلای زۆنی زەرد وزۆنی سەوزەوە گرینگە ئەوەیە ئەم بیر و فیکرەیە زەرەری بۆ ئەوان نەبێت. بڕۆانە ئەم حزبە حاکمانە سەلەفیەکانیان تێگەیاندووە کە بڕۆنە مزگەوتەکان و هەرچییان پێخۆشە بیکەن بە ڵام حوکم و دەسەڵات بدەنە دەستی ئەوان. مەلا بەختیار لە سەرکردەکانی یەکێتی لەم دواییانەدا وتی: پارتی و یەکێتی زەرەرمان کرد لە دروست کردنی سەلەفییەت لە کوردستاندا.کەواتە دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی حاکم لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی سەلەفییەت و توندڕەوییە.
وتیشی: سەلەفی ئەوەی سەلماندووە کە موسڵمان بە عەمەلی بەکەڵکی بەڕێوەبەریی دەسەڵات نایێت و با بدرێتە عەلمانییەکان. دەی حزبی حاکمیش هەر ئەمەی دەوێت. دەسەڵاتە گەندەڵەکان لە هەر شوێنێکدا ببن. پشتیوانی ئەم بیروبۆچوونانە دەکەن و ڕێگەی پێدەدەن چونکوو قازانجی هەیە بۆیان، سەلەفییەکان ئەم حاکمانە بە وەلی ئەمر دەزانن و گوێڕایەڵییان دەکەن و حوکمی ئەوان بە حوکمی خوا و پێغەمبەر دەزانن.
ئێحسان زەڵمی ئەوەشی وت کە هۆکارەکانی دیکەی پەرەسەندنی ئەم بیرە لە کوردستان ئەوەیە کە ئەم سەلەفیانە لە عیبادەت کردندا و لە مزگەوتەکاندا زۆر قورس و قایم دەردەکەون و خەڵکی موسڵمانی کوردستانیش ئەو شێواز هەڵسوکەوت و عیبادەتەی پێ خۆشە و خەڵک ڕادەکێشێت. و هەروەها هەندێ ناوچەش هەیە کە بیرێکی بچکۆلەیان هەیە. بیرگە و ژینگەکەیان هی ئەوە نییە بە تەواوی بکرێنەوە و بیرێکی بەرفراوانیان بێت و هەندێ کەسیش مەسڵەحەتی ئەوەیە لەگەڵ ئەم سەلەفییەتەدا بێت.ئیتر لە سەرکردەکانەوە بگرە هەتا ئەو کەسانە کە شڵوارێکی کورت کردۆتەوە و ڕیشێکی هێشتووەتەوە کە مەرج نییە ئەمانە هەمووی لە تەقواوە بێت.
ئەو ئەندامەی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ئاماژەی دا کە سەلەفییەت گەورەترین و بەهێزترین مەدرەسەیە بۆ فراوان کردنی بیری توندوتیژی بەڵام ئێستا سەلەفییەکان تەنیا توندوتیژییان لەگەڵ موسڵماناندا هەیە و دژی حزبە ئیسلامییەکان کار دەکەن و لە لایەن حاکمەکانیشەوە پشتیوانی دەکرێن بۆ دژایەتی حزبە ئیسلامییەکان. ئیسلام هەزاران دوژمنی هەیە کە سەلەفییەکان دەستەوسانن بەرانبەر بە دوژمنانی دین بەڵام توندرەوی و بەگژاچوونیان بۆ موسڵمانان هەیە.ئێحسان زەڵمی دووپاتی کردەوە ئەو قسەیەی کە لە سوشیاڵ میدیا هەیە و دەوترێت حزبە حاکمەکانی هەرێم خۆیان شان و شکۆ و باڵ بە بانگخوازانی سەلەفی و توندرەو دەدەن و بۆ مرامی سیاسی خۆیان بەکاریان دێنن راستە و جەختی کرد: سەلەفییەت ناهێڵێت حزبە ئیسلامیبەکان گەورە ببەن و بەم کارانەیان ئیسلامیان لە پێش چاوی عالەم ڕەش کردووە و بۆیان گرینگ نییە حوکمی وڵات چون ئەکرێت و دەسەڵات دز بێ گەندەڵ بێ یا فاسق و فاجر بێت. ئەوان دژی خۆپیشاندان و هەستانەوە بەرانبەر حاکمانن.