ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- ئارام سەعید:لە ساڵانی رابردوودا یەكێتی و پارتی كە ئاشت بوون، دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵك خراپ بوو، ئێستاش ناكۆكن و ململانێی توند هەیە و جار جار كۆبونەوەی بێهودەییانە دەكرێت، بەڵام دیسان دۆخەكە هەر وەك خۆیەتی، كەواتە لە ئاشتی و ناكۆكیدا هیچ لە ژیانی خەڵك ناگۆڕێت، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەوەی رێكەوتن و رێكنەكەوتن بایەخێكی ئەوتۆی بۆ خەڵك نیە هیچ لەژیانی ئەوان ناگۆڕێت، چونكە ناكۆكیەكیان هیچ پەیوەندیەكیان بە دۆخی خەڵكەوە نیە.
زۆربەمان و بەندەش زۆر باسی یەكڕیزی دەكەین هیوای بۆ دەخوازین، بەڵام كام یەكڕیزی؟ ریزبوون شێوازی زۆرە، لەگفتوگۆكاندا دەردەكەوێت ئەم ریزە، ریزی سەرە بێت كەئەویش یەكەم و دووەم وسێهەم و تاكۆتایی ریزەكەی تێدایە ئەمە لەشوێنە قەرەباڵغەكاندا پیادە دەكرێت لەبازاڕدا. ئەم ریزبوونە بۆ سیاسەت نابێت بەتایبەت بۆ هێزی ناكۆك، چونكە ئەگەر هێزێك خۆی بەبرا گەورە بزانێ و بیەوێت هەموو ریزەكە بەدوای ئەوەوەبن ئەوا ریكەوتن و ئاشتەوایی روونادات.
یەكڕیزی بەوە دروست نابێت لایەك خۆی بە برا گەورە بزانێت و ئەوانی تر برای بچوك، یەكریزی بەوە دەبێت ئەوەی خۆی بە برا گەورە دادەنێت نمونەیەك لەشەفافیەت و دادپەروەری پێشكەش بكات كە ئەو براگەورەییە فەرز بكات، ئەوانەشی بە برا بچوك دانراون بۆئەوەی گەورەیی خۆیان بسەلمێنن دەبێت لەناوچەكانی خۆیاندا و لەناوخودی حزبەكانیاندا نمونەیەكی جیاواز پێشكەش بكەن، نمونەیەك دروست بكەن كە سەرنجی خەڵك رابكێشیت و خۆشگوزەرانی لەناوچەكانیاندا دروست بكەن، ئازادی رادەربرین لەژێر دەسەڵاتیاندا فراوان بێت، خزمەتگوزاریەكان چاك بكرێن،شەفافیەت هەبێت ...
بە كورتی ناتوانرێت یەكڕیزی بە سەپاندنی باڵادەستی لایەنێك بەدەست بهێنرێت. بەڵكو لەسەر بنەمای شەفافیەت و دادپەروەری دەبێت. بە سەركردایەتیكردن بە شەفافیەت و فراوانكردنی ئازادی ڕادەربڕین و باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتیەكان، ئەوانەی لە پۆستە حكومیەكاندان دەتوانن ژینگەیەك دروست بكەن كە یەكڕیزی تێیدا گەشە بكات. كاتێك باس لە یەكڕیزی دەكەین، گرنگە دان بەوەدا بنێین كە ڕێگەی جۆراوجۆر هەیە بۆ بەدەستهێنانی. مەسەلەكە ئەوە نییە لایەنێك ڕۆڵی سەرۆك بگرێتە ئەستۆ و چاوەڕوانی گوێڕایەڵی بێ لەوانی تر. یەكڕیزی ڕاستەقینە بۆهەرێمی كوردستان بەهەژموون و كۆنترۆڵكردن بەدی نایەت.
ژێدەر: شارپرێس