ئیداره‌ی ده‌روازه‌ی سنوری پێشابوور ڕایگەیاند کە په‌یه‌ده‌ ده‌زانێت كه‌ ویستویه‌تی له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌یه‌و سنوره‌كانه‌وه‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی بگوازێته‌وه‌ بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی ئه‌منی بشێوێنێت‌.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا كه‌ میدیاى نزیك له‌پارتى بڵاویكردۆته‌وه‌ کە ئیداره‌ی ده‌روازه‌ی سنوری پێشخابوور دەڵێت: په‌یه‌ده‌ سوره‌ له‌سه‌ر باوه‌ڕنه‌هێنان به‌وه‌ی كه‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ كوردستانی سووریا درك به‌هه‌موو پیلانگێڕییه‌كانی ئه‌وان ده‌كه‌ن، كه‌ سه‌لامه‌تیی بۆ هیچ كه‌سێك نه‌بوه‌و ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن بیانوو بهێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روازه‌كانی ژیان له‌خه‌ڵكی کوردستانی سووریا دابخه‌ن.

له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا كه‌ میدیاى نزیك له‌پارتى بڵاویكردۆته‌وه‌ هاتوه‌، ده‌روازه‌ی پێشابور سێمالكا به‌فه‌رمانی مه‌سعود بارزانی له‌پێناو یارمه‌تیدانی گه‌لی كوردستان له‌ سووریا كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین جار جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی مانه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه‌ به‌كراوه‌یی بۆ خزمه‌تگوزاری مرۆیی كردۆته‌وه‌و هیچ كاتیش له‌به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌گه‌له‌كه‌مان سڵی نه‌كردۆته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "تائێستا سێ ڕێككه‌وتن به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی بۆ ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ كراون‌و بڕگه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ‌ ئیداره‌دانی ده‌روازه‌كه‌ به‌هاوبه‌شی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ په‌یه‌ده‌ پێشێلی ڕێككه‌وتنه‌كانی كردوه‌و له‌سیاسه‌تی سه‌ركوتكاری به‌رده‌وام بووه‌".

ده‌شڵێت: "هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ترازاندنی گه‌لی كورد كاریكردوه‌و په‌یه‌ده‌ ده‌زانێت كه‌ ویستویه‌تی له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌یه‌و سنوره‌كانه‌وه‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی بگوازێته‌وه‌ بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی ئه‌منی بشێوێنێت‌و هاوپه‌یمانانمان له‌هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش زانیارییان له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌."

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، دان به‌خۆداگرتنمان به‌رامبه‌ر په‌یه‌ده‌، تائێستا له‌پێناو گه‌لی كوردستان بوه‌ له‌سوریا، به‌ڵام دواجار ئه‌مه‌ وامان لێده‌كات به‌په‌یوندییه‌كاندا بچینه‌وه‌و گه‌لیش مافی خۆیه‌تی ئه‌مه‌ قبوڵنه‌كات‌و پێویسته‌ په‌یه‌ده‌ ده‌ست له‌دروشمه‌ ساخته‌كانی هه‌ڵگرێت، چونكه‌ چیتر كه‌س پێیان باوه‌ڕ ناكات.