وەزیری دەرەوەی ئێران لە چەند نامەی جیا بۆ سەرۆکانی ڕێکخراوەگەلی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: جەنایەتی ڕژێمی زایۆنی لە فەلەستین جێگای نیگەرانییە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەروبەندی رۆژی جیهانی قودس، بە ناردنی پەیامی جیا جیا بۆ آنتۆنیۆ گۆترش سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ، حسێن ئیبراهیم تاها سەرۆکی ڕێکخراوەی هاریکاری ئیسلامی و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی سەبارەت بە دۆخی فەلەستین و جەنایەتەکانی ئیسرائیل نیگەرانی دەربڕی.

ئەمیر عەبدوڵاهیان لەم پەیامانەدا کردەوە جەنایەتکارانەکانی رژێمی زایۆنی دژی گەلی فەلەستین لەوانە تیرۆر، کوشت و بڕ، دەستگیری خەڵک و تێکدان و رووخاندنی ماڵی ئەوانی دژ بە بنەماکانی مافی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ زانی.

جەختیشی کرد: کۆماری ئیسلامی ئەم جەنایەتانەی ڕژێمی ئیسرائیل دژی فەلەستین ئیدانە دەکات.

راشیگەیاند؛ جێگیر بوونی ئاشتی و دادپەروەری لە ناوچەکە تەنیا لە ڕێگای نەهێشتنی داگیرکردنی فەلەستین و گەڕانەوەی ئاوارەکان و بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم مومکین دەبێت.