ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان هێرشێكى توندیكرده‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌ له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕاگه‌یاند، "ئێمه‌ ئێستا له‌ناكۆكیه‌كى ناخۆشداین، حكومه‌تى هه‌رێم كه‌وتۆته‌ دۆخێكى خراپه‌وه‌، تیمى یه‌كێـتى نیشتمانى كوردستان بایكۆتى حكومه‌تى كردوه‌ له‌ئه‌نجامى ئه‌و ناكۆكیانه‌ى كه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى نه‌بونى شه‌فافیه‌ت له‌نه‌وتدا".

ده‌شڵێت، "عێراق نه‌وتى فرۆشتوه‌و شه‌ڕیشى هه‌بوه‌، ئێمه‌ش به‌هه‌مانشێوه‌ نه‌وتمان فرۆشتوه‌و شه‌ڕیشمان هه‌بوه‌، به‌ڵام عێراق 130 ملیار دۆلارى پاره‌ى خه‌زنكراوى هه‌یه‌، ئێمه‌ش 35 ملیار دۆلار قه‌رزارین، كاره‌ساته‌كه‌ له‌وێدایه‌".

جه‌ختیكرده‌وه‌، "ناكۆكیه‌كه‌شمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان وڵاتێكى بێ كابانه‌، وڵاتێكه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئیداره‌ى مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ى خۆى بدات، نه‌وتى فرۆشتوه‌، موچه‌ى كه‌مكردۆته‌وه‌، هێشتاش 35 ملیار دۆلار قه‌رزاره‌، باشه‌ ده‌بێت چ كاره‌ساتێكت سازكردبێت، بۆیه‌ پێموایه‌ خوا به‌حه‌جێك‌و دوو حه‌ج‌و 10 عومره‌و 20 عومره‌ش ئه‌م حكومه‌ته‌ عه‌فو ناكات".