سەرۆکی پارتی واژۆكردنی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەبارەی هەناردەكردنی نەوت بە هەنگاوێكی مێژوویی دەزانێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆمەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ كرد و لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا، بارزانی واژۆكردنی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی بە هەنگاوێكی مێژوویی وەسف كرد.

هەروەها سوپاس و دەستخۆشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، بۆ هەوڵەكانی لەمەڕ چارەسەركردنی كێشەكان و سەرخستنی ئەو ڕێككەوتنە گرنگە. بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، كە ئەگەر نیازپاكی و ئیرادەی چارەسەركردن هەبێت، بە دڵنیاییەوە چارەسەركردنی كێشەكان ئاسان و مومكین دەبێت و هیواشی خواست، كە ئەو ڕێككەوتنە ببێتە دەروازەیەك بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق. هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا، بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵ و هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دووپات كردەوە.