شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەغدا باڵیۆزی 40 وڵاتی کۆکردەوە و باسی لە گەندەڵی حوکمرانانی هەرێم کرد.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر كەناڵی ئێن ئاڕ تی، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەغدا باڵیۆزی 40 وڵاتی کۆکردەوە و یادی نەورۆز کردەوە.

باڵیۆزانی ئەمریکا و روسیا و ئێران و بەریتانیا و ئیتاڵیا، فینلاند و میسر و لوبنان و بولگاریا و هیندستان و پاکستان و فلیپین و ڤەنزوێلا و یەمەن و ئەرمینیا و ڕۆمانیا و ئیندۆنیزیا و فەلەستین و مۆریتانیا و لیبیا و سودان و سۆماڵ ئامادەی ئەو کۆبوونەوە بوون.

لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند: "لە هەرێم دو بنەماڵە چەک و پارەیان خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان نەک ژێر کۆنترۆڵی دامەزراوەکان و زیاتر 65%ی داهاتی هەرێم لە ژێر دەستی دو بنەماڵەی حوکمڕانە." وتیشی"لە هەرێم حکومڕانی چەتەکانمان هەیە نەک حکومی خەڵک."

ئەوەشی خستەڕوو کە "ئەگەر حکومڕانانی هەرێم بەردەوام بن، هیچ بەهایەک ناهێڵنەوە بۆ ئەو تۆزە دیموکراسییەی کە هەیەو حکومڕانانی هەرێم سەرقاڵی خۆمەشغوڵکردن و خۆدزینەوەن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن."

شاسوار عەبدولواحید وتیشی: "عێراق وڵاتی خێر و بێرە، دەتوانێت وڵاتێکی خۆشگوزەران بێت، دەرفەتی گەورەی هەیە بەرەوپێشبچێت و دەتوانێت ببێتە شوينێکی ئارام و پر خێر بۆ خەڵک، و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانیی بەڵام بە داخەوە لە عێراق زمانی چەک و میلیشیا زاڵە بەسەر زمانی عەقڵ و ئاوەدانی و دیموکراسی".