لەم جیهانە بێ سەرەوبەرەیەدا ئەو وڵاتانەی کاتی خۆی خەردەل و سیانید و فسفۆڕیان بە سەدام دا تاکوو کورد بخنکێنێت، ئەوانە ئێستا بوونەتە پاگەندەکاری مافی مرۆڤ.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: 16ی مارسی 1988، کاتژمێر یانزەو سی و پێنج خولەکی پێش نیوەڕۆ، دەیان فڕۆکەی جەنگی ڕژێمی بەعس، کەوتنە بۆردومانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی و بۆ یەکەم جار لە مێژووی دروست کردنی چەکی کیمیاوی گازی دەمار بە سەر هەڵەبجەدا تاقی کرایەوە.

بەکارهێنانی ئەو چەکە بووە هۆی ئەوەی لە ڕۆژێکدا 5000 کەس لە خەڵکی هەڵەبجە شەهید ببن و 7000 کەس بریندار ببن.

ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1984ەوە دەستی کرد بە بەکارهێنانی بەربڵاوی گازی دەمار، گازی سارین و گازی ژەهراوی کردنی خوێن تابۆن و وی ئیکس. ئەم گاز و چەکە کیمیاییانە لە لایەن هەندێ دەوڵەتی ڕۆژاواییەوە درابوو بە سەدام. ئێستا ئەو وڵاتانە پاگەندەی مافی مرۆڤ دەکەن و ناوبە ناو وڵاتانی دیکە بە پێشێل کردنی مافی هاووڵاتیانیان تۆمەتبار دەکەن.

34 کۆمپانیای ئەورووپایی و ئەمریکایی لە ڕێگای بازرگانێکی هۆلەندی بە ناوی فڕانس فان ئانرات ئەم چەکە قەدەغە و گازە کیمیاییانەیان بە سەدام و ڕژێمی ڕووخاوی بەعس دەفرۆشت. ئەویش دژی ئێرانییەکان و دژی کورد بەکاری دەهێنا و سەردەشت و پیرانشار و مەریوان و بانە و ئیلام و خوڕەمشار و زۆر ناوچەی دیکەی لە ئێران پێ بۆردومان کرد و لە ناوخۆی وڵاتی عێراقیش هەزاران کوردی بەو چەکانە شەهید و بریندار کرد.

شایەتحاڵانی کیمیاباران زۆر جار بۆ ڕاگەیاندنەکانیان گێڕاوەتەوە کە ئەو ڕۆژەی هەڵەبجە بۆردومان کرا دەیان فڕۆکەی جەنگی (سیخۆی و میراج) ئاسمانی شارەکەیان داپۆشی و پانزە جار شارەکە بۆردومان کرا. هەرجارەی هەشت تا دە فرۆکە بۆمبی دادەخست و گازەکانی (خەردەل، سیانید، و فسفۆڕ)یان دەڕژاند بەسەر خەڵکی هەڵەبجەدا.

لە وێنەکانی هەڵەبجەدا دەرکەوتووە کە خەڵک چۆن لەبەر دەرگا، لەسەر جادە، لە ناو ئۆتۆمبێلدا گیانی سپاردبوو، زیندووەکان دۆخیان زۆر خراپ بوو کەمێک دەڕۆیشتن و دەکەوتن، چاویان باش نەیدەدی و وەک ئەوەی دەرزی ئاژنین بکرێن، کە میزیان بۆ خوێن گۆڕابوو.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێن پێدەچێت چوار هەزار تا حەوت هەزار، لە هەڵەبجە خنکێنرابێت.

ئامارێکی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ژمارەی کوژراوەکان دەگاتە (٥٤٦١) پێنج هەزار و چوار سەدو شەست و یەک کەس و ژمارەی بریندارەکانیش لە ناو (١٤) چواردە کامپی ئێراندا و بەپێی ئاماری ئێرانییەکان دەگاتە (١٢٨٠٠) دوانزە هەزار و هەشت سەد کەس.

بەشێک لەو بریندارانەشی کە ڕوویان لە ئێران کرد بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بەشێکیان لەوێ گیانیان لەدەست دا و هەر لەوێش نێژران لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران لە شوێنێکدا بەناوی شەهیدانی هەڵەبجە، کە ژمارەیان نزیکەی سەد و حەفتا گۆڕە. هەر لە ئێران و لە ناوچە کوردنشینەکان نزیکەی حەوت سەد و سی گۆڕی تری شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە هەیە.

ئەوانەشی کە ماون و لە ژیاندان لە دۆخێکی تەندروستی سەختتدان و گازە بەکارهاتووەکان دەیان کاریگەری وەک شێرپەنجەی سیيەکان، کاریگەريی سەر کۆئەندامی هەرس، کاریگەريی سەر پێست و چاو، کاریگەريی لەسەر کۆ ئەندامی هەناسەدان، بڵاو بوونەوەی نەزۆکی لەنێوان پیاوان و ئافرەتەکاندا و کەمبونەوەی بەرگريی نەخۆشی لە کەسانی ئاسایی، بەجێهێشتووە.

تا ئێستا قەرەبووی مەعنەوی و ماددی زیانلێکەوتوانی هەڵەبجە نەکراوەتەوە، کە بەگوێرەی یاسای عێراقی و نێودەوڵەتی ئەرکی حکومەتی ئێستای عێراقە وەک میراتگری حکومەتی بەعس بە ئەرکی قەرەبووکردنەوەکە هەستێت.

حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دوای ئەم ساڵانە هێشتا هەر لە بەرانبەر خەڵکی هەڵەبجەوە کەمتەرخەمنن و هیچ خزمەتێکی ئەوتۆی ئەم شارە نەکراوە.

خەڵک ناڕازین و ناوبەناو دێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان دەکەنبەڵام ئێستا دەستیان بە هیچ کوێ ناگات و ناڕەزایەتیان بە نەبوونی خزمەتگوزاری لەوانە ئاو و کارەبا هەیە.

دوای چەندین ساڵ و پاس ئەوەی دادگەی نێودەوڵەتی لاهە و زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆردومانی هەڵەبجەیان وەکوو جینوساید و کۆمەڵ کوژی کوردەکان وەسف کرد بەڵام هێشتا وڵاتانی پاگەندەکاری مافی مرۆڤ و وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکایی کە چەک و گازی کیمیاییان بە سەدام فرۆشتووە ئامادە نین ئەو تاوانە و بەشداریی لەو جەنایەتە قبووڵ بکەن بەڵام زمانیان هەر زمانیان درێژە بۆ درۆ و پاگەندە کردن.