ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى به‌رژوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى‌ دەڵێت: له‌دواى ڕاپه‌ڕین به‌ره‌ى كوردستانى هه‌ڵه‌ى زۆرى كردو ده‌رگاى كرده‌وه‌ بۆ تاڵانى، پاره‌ى گومرگ تاڵانده‌كراو دابه‌شده‌كرا به‌سه‌ر حزبه‌كانى ناو به‌ره‌كه‌دا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سیمپۆزیۆمى به‌هێزكردنى هه‌ستى نیشتمانپه‌روه‌رى بۆ پاراستنى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی كه‌ له‌لایه‌ن زانكۆى سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ ڕێكخرابوو، له‌یه‌كه‌م پانێڵیدا هه‌ریه‌ك له‌مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى به‌رژوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى‌و هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبی سیاسیى پارتى به‌شداربون.

مه‌لا به‌ختیار سه‌ره‌تا قسه‌یكردو ڕایگه‌یاند، "پارتى‌و یه‌كێتى دوو فه‌لسه‌فه‌و دوو ئایدیاى جیاوازمان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌نیشتمانپه‌روه‌ریدا هاوڕاین، خوێندنه‌وه‌شمان بۆ مێژوو هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌شمان بۆ ڕاپه‌ڕین جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ پارتى".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: "له‌دواى ڕاپه‌ڕین به‌ره‌ى كوردستانیى هه‌ڵه‌ى زۆرى كردو ده‌رگاى كرده‌وه‌ بۆ تاڵانى، پاره‌ى گومرگ تاڵانده‌كراو دابه‌شده‌كرا به‌سه‌ر حزبه‌كانى ناو به‌ره‌كه‌دا".

سه‌باره‌ت به‌كێشه‌كانى نێوان پارتى‌و یه‌كێتیش مه‌لا به‌ختیار ڕایگه‌یاند: "ئێستا كێشه‌كانى نێوان پارتى‌و یه‌كێتى زیاترو قوڵترن له‌ساڵانى نه‌وه‌ده‌كان، جه‌نگى سارد هه‌یه‌ له‌نێوانمان، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ شه‌ڕناكه‌ین".

لاى خۆیشیه‌وه‌ هۆشیار زێبارى سه‌ره‌تا باسى پرسى نیشتمانپه‌روه‌رى كردو ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، "پاراستنى هه‌رێمى كوردستان له‌هه‌موو شتێك پێوستتره‌، پێویسته‌ پێداچونه‌وه‌ به‌فه‌لسه‌فه‌ى په‌روه‌رده‌ بكه‌ین، چونكه‌ هه‌ستى نیشتمانى له‌زۆر وڵات به‌هێزه‌ له‌عێراق لاوازه‌ له‌هه‌رێمیش باشه‌".

سه‌باره‌ت به‌جیاوازیه‌كانى پارتى‌و یه‌كێتیش، زێبارى وتى:"ئه‌گه‌ر بۆچونى جیاوازمان نه‌بوایه‌ هه‌ر یه‌ك حزب ده‌بوین، وه‌ك چۆن پێشتر یه‌كێتى پارتى بوو، بۆ كێشه‌كانیشمان پێویسته‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى دابنیشین، ئێمه‌ ده‌ستپێشخه‌ریمان كردوه‌".