بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند: حکومەتی هەرێم لە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران پەشیمان بۆتەوە، بۆیە ئەگەر دەستبەجێ دەست بەدابەشکردنی موچە نەکات، خۆپیشاندان دەستپێدەکەینەوە و ئەمجارەش خۆپیشاندان بەردەم بارەگای حکومەت لە هەولێر دەگرێتەوە.
شاسوار عەبدولواحید لەپەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "ئەمەی حکومەتی ئێکسپایەر دەیکات دەرحەق بە موچەخۆران بەم هەمو داهاتە زۆرە، ئەوپەری بێرێزییە و لێی بێدەنگ نابین، ئەگەر دەستبەجێ دەستنەکرێت بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران ئەوا دەستدەکەینەوە بە خۆپیشاندان و ئەمجارە خۆپیشاندان هەولێری پایتەخت و بەردەم بارەگای حکومەت دەگرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "ماوەی چەندین رۆژ لایداوە لەو رێکەوتەی کە دەبو حکومەت موچە دابەشبکات، بڕیار بو ئەمرۆ موچە دابەشکردن رابگەیەنن، بەڵام لەوەش پەشیمان بونەوە، بۆیە چیتر بێدەنگ نابین".
دەشڵێت، "ئەم حکومەتە دیارە بە فشار نەبێت مافی رۆتین و ئاسایی هاوڵاتییان و فەرمانبەرانیش نادات".