بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند: سێشەممە هەردو شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023، هەروەها لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت و گاز، پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنەکان و ئەنجامدانی سەرژمێریش لە کۆتایی ئەمساڵدا لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردولادا دروست بوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە، کە بەگوێرەی رێککەوتنەکەش پشکی هەرێمی کوردستان بە 14% دیاریکراوە.
ئەو پەرلەمانتارە رونیشیکردەوە، دوای لێدەرکردنی خەرجییە سیادییەکان، پێدەچێت پشکی هەرێمی کوردستان بۆ 12.67% کەمببێتەوە، پڕۆژەی بودجەی ئەمساڵیش بە نزیکەی 180 ترلیۆن دینار مەزەندە کراوە.
باسی لەوەشکرد، لایەنە کوردستانییەکان گەشبینن بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و هەردولاش خواستی ئەوەیان هەیە کێشەکان لەرێگەی جێبەجێکردنی دەستور وپاراستنی مافی هاوڵاتیانی کوردستان و عێراقەوە چارەسەر بکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکان هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوتیش گەیشتون بە لێکتێگەیشتن، بەجۆرێک حکومەتی فیدڕاڵی ئامادەیە خەرجی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بدات و دانیش بە فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستان دەنێت، هەروەها بڕیارەکەکانی دادگای فیدڕاڵیش تایبەت بە نادەستوری بونی یاسای نەوت و غازی کوردستان رادەگیرێن، تاوەکو پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی پەسەند دەکرێت.
بەشێکی دیکە لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەستە بە بودجەی مانگانەی هەرێم، بەجۆرێک بەغدا لەرێگەی هەژمارێکی بانکیەوە بودجەی کوردستان دەنێرێت و تەنها حکومەتی هەرێم دەتوانێت مافی مامەڵەکردنی بەو هەژمارە بانکییەوە هەبێت، لە بەرامبەریشدا حکومەتی هەرێم پابەند دەکرێت بە رادەستکردنی داهاتی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا.