وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: بەڕێز فواد حسێن کە لە سەفەری واشنتۆن هاتنەوە لەلایەن ئەمریکاوە پەیامێکی بۆمان هێنابوو کە واشنتۆن بۆ کۆبەندی ڕێککەوتن ئامادەیی هەیە، ئێمەش بەردەوام لە ڕێگای دیپلۆماسی و دانوستان پێشوازیمان کردووە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان سێشەممە شەو لە سەر داوای فەرمی فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک چووە بەغدا، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵی ئەلعالەم ڕایگەیاند: لە ئەو سەفەرەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق سەبارەت بە پرسی دوولایەنە بە چڕی قسەمان کرد.

ناوبراو درێژەی دا: لەسەر بابەتی ئابووری و بازرگانی و ڕێگای ئاسنی نێوان دوو وڵاتەکە گفتوگۆمان کرد و جگە لە ئەوەش لە سەر بابەتی خۆڵبارینەکانیش باسمان کرد. بڕیارە بەزوویی و لە نیوەی یەکەمی ساڵی نوێ کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی لە ئاستی وەزیرانی ژینگە بە ڕؤڵگێڕانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بە میوانداری ئێران لە یەکێک لە پارێزگاکانی ئێران بەڕێوە بچێت.

جووڵەی گرووپە جودایی خوازەکان لە هەرێمی کوردستانەوە تەحەمول ناکەین

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هەروەها وتیشی: هاوکاری و گفتوگۆکانی دیکەی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی ئەمنیەتی و زەروورەتی تۆکمە کردنەوەی ئەمنیەتی سنووری. ئێمە ئەو پەیامەمان بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە مانگەکانی دوایی بە ڕاشکاوانە ڕاگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەمەوبەدوا هیچ جۆرە جووڵەیەکی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە تەحەمول ناکات. بەختەوەرانە بە پێکهێنانی کومیتەی باڵای هاوکارییە ئەمنییەکان، دوو خول گفتوگۆ لە تاران و بەغدا بەڕێوە چوو.

هەروەها وتیشی: ئێستا ڕەشنووسی بەڵگەیەک ئامادە کراوە کە هیوادارین هەرچی خێراتر ئەو بەڵگە واژۆ بکرێت. ئێمە پێمان وایە بوونی گرووپە جودایی خوازەکان، پیوەندی ئەو گرووپانە لەگەڵ ئیسرائیل و هەندێک دامودەزگا ئەمنییە بیانییەکان، سەرەتا هەڕەشە لە سەر ئاسایشی عێڕاق، ئەمنیەتی ئێران و تەنانەت ئاسایشی هەرێمە و یەک جار بۆ هەمیشە ئەبێ ئەو بابەتە کۆتایی پێبێت.

بەردەوام پێشوازیمان کردووە لە ڕێگای دیپلۆماسی و دانوستان

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئامادەیی ئەوەمان هەیە لە چوارچێوەی دانوستانێک کە تا ئێستا لە ڤیەنا ئەنجام دراوە و پەیامگەلێک کە لە نێوان ئێمە و لایەنی ئەمریکی لە ڕێگای ناوبژیوانەوە ئاڵوگۆڕ کراوە کە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان دەستەبەر دەکات، بۆ گەڕانەوەی هەموو لایەنەکان بە بەڵێنەکانیان لەژێر ناوی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بچینە پێشەوە. پێمان وایە ئەگەر لایەنی ئەمریکی لە چوارچێوەی پەیامێک کە ناردووەیەتی ڕاستبینانە هەڵسوکەوت بکات و ڕاگەیاندنە مێدیاییە پێشووەکان دووپات نەکاتەوە ئێمە مەودایەکی زۆرمان لەگەڵ ڕێککەوتنی ناڤۆکی نییە.