جەوھەر ئاغای ھەرکی بڕیاریداوە، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بچێتە بەغدا و سکاڵا لە دژی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم تۆمار بکات، دواتریش لە دادگای نێودەوڵەتی ھەمان سکاڵا تۆمار بکات.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەپێی ئەو زانیاریانەی شارپرێس لە سەرچاوەیەکی نزیک لە جەوھەر ئاغای ھەرکی سەرۆکی عەشرەتی ھەرکییەوە دەستیکەوتووە، جەوھەر ئاغای ھەرکی دوای ڕاوێژ لەگەڵ کەسە نزیکەکانی و تیمێکی یاسایی بریاریداوە لە ھەرێمی کوردستان سکاڵاکە تۆمار نەکات و داواکەی بباتە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان.

ھەر بەپێی سەرچاوە نزیکەکەی جەوھەر ئاغا کە بۆ شارپرێسی ئاشکراکردووە، ھۆکاری تۆمارکردنی سکاڵاكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جەوەر ئاغا پێی وایە، لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دووجار ھەوڵی ڕفاندن و تیرۆرکردنی دراوە و ھەردووجارەکەش بنەماڵەی بارزانی و پارتی لێی بەرپرسن.

دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، جەوھەر ئاغای ھەرکی ڕایگەیاند، لە شاری بەغدا لەلایەن ھێزێکی ئەمنی ھەرێمەوە ھەوڵی ڕفاندن و تیرۆرکردنی دراوە و بە ھاوکاریی و ئاگاداریی بەشێک لە سەرکردە عێراقیرکان ڕزگاری بووە.

ساڵی ڕابڕدووش ئەوە ئاشکرا کرا، کە لەنێو دیوەخانی خودی ھەرکیەکانەوەو لەلایەن کەسێکی نزیک لە خۆیەوە کە کاری بۆ دەزگایەکی ھەواڵگری کردووە ،ھەوڵی ژەھرخواردکردنی دراوە کەو ھەرکیەکان ئەوکات دەستی تۆمەتیان بۆ پارتی درێژکرد.

ئەمە لە حاڵێکدایە پارتی ئەو کات و ئێستاش ئەم تۆمەتانەی بە توندی ڕەتکردۆتەوە.