بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لەوتارێکدا بە ناونیشانی "کێشەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر چین؟" پێشەوا هەورامی ڕایگەیاند، ئەو دوو بابەتەی یەکێتی کردوویەتیە "بیانوو" بریتین لە 1- تیرۆرکردنی هاوکار جاف 2- دواخستن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن".
دەشڵێت: "ئێستا هەموو فکری یەکێتی تەنها لەلای ئەوەیە کە چەند وەزیرێکی لە کابینەدا بۆ بگۆڕدرێن و هیچ ئامادەییەکیان نییە بۆ هاتنەپێشەوە و چارەسەری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و پرسی هەڵبژاردن و چارەسەری گەندەڵی و روونی لە داهات".
پێشەوا هەورامی لەوتارەکەیدا باسی لەوەشکردووە "لەبارەی هەڕەشەکردن و جووڵاندنی هێز بۆ سەر ماڵی بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران، ئەم بابەتە بەو جۆرە نییە و کراوەتە بیانوویەک بۆ دروستکردنی کێشە، بەڵکو تەنیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هەبووە کە درێژکراوەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتییە و هۆشدارییش دراوە هیچ کەس لە پارێزگای هەولێر و دهۆک لە هەر مەوقیعێکدا بن و تەنانەت لایەنی سیاسییش ناتوانن هێز بۆ هیچ کەس بجووڵێنن".