وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، وەزیرەكانی یەكێتی ‏بەشداریی هیچ چالاكییەكی حكومەتی هەرێم ناكەن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كاره‌كانی هاوڵاتیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاندووە کە "وەزیرەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ‏بەشداریی هیچ چالاكییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏ناكەن، به‌ڵام كاروباری هاوڵاتیان رایی ده‌كه‌ن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە کە وەزیرەكانی یەكێتی له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كاره‌كانی هاوڵاتیان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك و تیمی وه‌زاری یه‌كێتی له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م راگه‌یه‌ندراویان له‌باره‌ی نیگه‌رانیه‌كانیان له‌ یه‌كدی بڵاوكرده‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان تیمی پارتی و یه‌كێتی له‌ حكومه‌ت بوه‌ مژاری رای گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، ماوەیەکە لەلایەن دامودەزگاکانی یەکێتییه‌وه‌، کە هاوبەشێکی سەرەکیی ئەم کابینەیەن، واباس دەکرێت کە "ئابڵوقە لە سەر سنوری سلێمانی هەیە"، هەمو شارەزایانی دۆخی دارایی هەرێم دەزانن کە داهاتی نەوت و هەروەها ئەو بەشە بودجەیەی ناوە ناوە لە بەغدا هاتوە، "بە شێوەیەکی یەکسان دابەشکراوە و موچەی کارمەندانی پێدراوە"، ده‌شڵێت، "داهاتی نانەوتیی ناوخۆی هەرێم کە بەشێکی زۆریشی داهاتی دەروازە سنورییەکانە، ڕێگە نەدراوە لە سنوری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەرین ڕێکبخرێتەوە".

لایخۆیانه‌وه‌ سه‌رۆك و تیمی وه‌زاری یه‌كێتی له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م وه‌ڵامی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان دایه‌وه‌ و رایانگه‌یاند، "سه‌رۆكی حكومه‌ت و سیاسه‌ته‌ داراییه‌كه‌یه‌تی كه‌ هه‌رێمه‌كه‌مانی كردۆته‌ قوربانی سیاسه‌تی ناڕون و نا شه‌فافی داهاتی نه‌وت، له‌بری نیعمه‌ت، نه‌وتیان كردۆته‌ نه‌عله‌ت، ئه‌م كابینه‌یه‌ش خراپترین كابینه‌ بوه‌ له‌ مێژوی حوكمڕانی كوردستاندا".