عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌باره‌ی سه‌رانه‌ وه‌رگرتن له‌ بازگه‌كانی نێوان "زۆنی سه‌وز و زه‌رد" نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌په‌یامێكدا كه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كردووە، رایگه‌یاند: "ئه‌م سه‌رانه‌ی له‌ بازگه‌كانی نێوان زۆنی سه‌وز و زه‌رددا وه‌رده‌گیرێت تاوان و گه‌نده‌ڵیه‌كی گه‌وره‌یه‌، سه‌رانه‌و نادادیه‌".

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ده‌شڵێت: "ئێستا له‌و بازگانه‌ی كه‌وتونه‌ته‌ نێوان زۆنی زه‌ردو سه‌وز، ڕێگا به‌ تێپه‌ڕبونی چه‌ندین جۆری كاڵا نادرێت ئه‌گه‌ر پاره‌ وه‌رنه‌گیرێت، ده‌ڵێن، ده‌بێت ته‌نسیقت هه‌بێت، وه‌ك جگه‌ره‌ و مه‌شروب و توتنی نێرگه‌له‌، مریشك، هێلكه‌، جوجكه‌، مه‌ڕ، بزن، مانگا و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كان، ده‌رمانی ڤێتێرنه‌ری و كشتوكاڵی".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "بۆ نمونه‌ بۆ كارتۆنێك هێلكه‌ هه‌شت دۆلار، سه‌رێك ئاژه‌ڵ 30 دۆلار، بارێك جوجكه‌ هه‌زار و 450 دۆلار وه‌رده‌گیرێت، ئه‌م پاره‌یه‌ش نه‌بۆ حكومه‌ته‌و نه‌ وه‌سڵه‌، سه‌رانه‌یه‌كی ڕێكخراوه‌ له‌ بازگه‌كانی هه‌ردولا ده‌كرێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كوردستان ئاشكراشیكردوه‌، "ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ناوی سۆنه‌ر و مه‌نفێسته‌وه‌، پاره‌یه‌كی زۆر له‌لایه‌ن كۆمپانیاوه‌ بازگه‌كان وه‌رده‌گرێت، ئێوه‌ به‌رپرسیارن له‌م دۆسیه‌دا".