بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، رێکخراوەکە دەڵێت: "لەكاتی وەرگرتنی باجدا و بەهۆی دۆخی بازاڕەوە، زیاتر لە 700 کارگە بەهۆکاری جۆراوجۆر داخراون و جگە لەوانەیش، سندوقی خانەنشینی دروستنەكراوە و حكومەت لێبڕینی 7%ی مانگانەی فەرمانبەرانیشی تێدا دانانێت.
لە ڕاپۆرتەكەیدا، ڕێكخراوی ستۆپ، کە ناونیشانی "چاودێری و هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان"ی لێناوە، تیشكی خستووەتە سەر سستیی هەنگاوەكانی چاكسازی و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی باج لەسەر كۆمپانیاكان و قەبارەی گەندەڵی ئاشكرا كردووە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە: لە 2018دا قەباری گەندەڵی 275 ملیار و 720 ملیۆن و هەشت سەد و نۆزدە هەزار دینار بووە، لەو بڕە 5 ملیار و 81 ملیۆن دینار گەڕێندراوەتەوە، پارەی دەستبەسەرداگیراویش 17 ملیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2021 قەبارەی گەندەڵی بە 26 ملیاردینار و 400 ملیۆن دینار و 874 هەزار دینار خەمڵێنراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، حكومەتی هەرێم هەنگاوی بۆ کەمکردنەوەی خەرجی دامودەزگاکان ناوە لەدابینکردنی نەسریە و خەرجی تر، بەڵام لە بوارەکانی تر لە شێوەی خەرجییەکانی کەرتی نەوت، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نابیندرێت، بەبەراود لەگەل کابینەی پێشوو، نەتواندراوە داهاتی نەوت بەرامبەر خەرجییەکان زیاد بکرێت.
راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە "بەگوێرەی دوایین راپۆرتی دیلۆیت تەنها 43%ی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێتەوە".
لەبواری کۆمپانیاکانی خالە سنورییەکان، رێکخراوی ستۆپ رایگەیاندووە "تا ئێستا پێداچوونەوەکان نەگەیشتوونەتە ئەنجام، هێشتا تەنها 20%ی داهاتی خاڵە سنورییەکان بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە".
ئاماژە بەوەكراوە، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێم بەردەوام بەشێوەی گشتی داتا و راپۆرتەکان لەبارەی داهات و خەرجییەکانی بەشێوەی راپۆرت بڵاودەکاتەوە، بەشێکی راستەوخۆ بەشێکیش لە رێی کۆمپانیای دیلۆیت (داهات و خەرجی نەوت)، بەڵام داتاکان لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار کە دیوانی چاودێڕی داراییە پشتڕاستنەکراونەتەوە، ئەمەش بەبێ پەسەند کردنی پرۆژەی بودجە بەدی نایەت، کە لەسالی 2014ەوە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند نەکراوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تیمی ئامادەکاری راپۆرت، حکومەتی هەرێم هیچ گرێبەستێکی نەوتی یان نانەوتی نانێرێت بۆ دیوانی چاودێڕی دارایی، ئەمەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی مادەکانی (8 و 11 و 12)ی یاسای دیوانی چاودێری دارایی پێویستە گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کەرتی تایبەت ئاراستەی دیوان بکرێت، بۆ هەلسەنگاندن و وردبینی.
لەپرسی وەرگرتن یان رێکخستنەوەی باج، وەک پێویست رەچاوی دۆخی بازاڕ و خاوەنکاران ناکرێت، بۆ نمونە تەنها لە ساڵی 2021 زیاتر لە 700 کارگە بەهۆکاری جۆراوجۆر داخراون، لە هەرێمی کوردستان کە دیارترینیان زۆریی باج و کرێی کارەبایە.
داهاتی باجی کۆمپانیاکان لە سالی 2019 بریتی بووە لە 627 ملیار دینار، بەڵام لە 2021 بەرزبۆتەوە بۆ 796 ملیار دینار زیادی کردووە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە تیمی ئامادەکردنی راپۆرتیان وتووە، ئێستا رێوشوێن دژی ئەوانە دەگرێتە بەر کە دوای بەدواداچون بۆی رووندەبێتەوە کە لە هەژمارکردنی داهاتی سالانە فێلیان کردووە، هەرچەندە داتایەکی روون نییە لەسەر ژمارەی ئەو سکالایانەی لەسەر ئەم پرسە حکومەت تۆماری کردوون.
بەگوێرەی داتای وەزارەتی دارایی زیاتر لە 2000 کۆمپانیا سزای ماددی دراون، بەهۆی هەڵاتن لە باج، سەرووی 300 کۆمپانیاش دراون بە دادگا.
بەهۆی نەبوونی سیستمی بانکی، تا ئێستا ناتواندرێت بەشێوەیەکی دروست قازانجی کۆمپانیاکان دیاریبکرێت، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەکی دروست باج وەربگیرێت، ئەمەش هەم نادادپەروەری دروستکردووە لە وەرگرتنی باج لەو شوێن و ناوچانەی کە خاوەن کار و پرۆژەکان قازانجیی بە ئاستی جیاواز لێدەکەن، هەمیش رێگایەکە بۆ خۆدزینەوەی کۆمپانیا گەورەکان.
وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە: بەگوێرەی یاسای ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بە خشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، پێویستە سندوقی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی دروستبکرێت، ئەنجومەنی وەزیران لە 17ی7ی2022 پەیڕەوی بۆ دەرکردووە.
تاوەکو ئێستا سندوقەکە پارەی تێدا نییە، حکومەتیش لێبڕینی 7%ی مانگانەی فەرمانبەرانیی تێدا دانانێت، هیچ پشتیوانییەکی داراییش پێشکەشی سندوقەکە نەکراوە، بۆ ئەوەی بتواندرێت لەڕێی ئەم سندوقە بێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی پارەی مانگانەی مووچەخۆران بدرێت. وەک راپۆرتەکە دەڵێت.
بەبەراود کردنی راپۆرتی 2018 و 2021ی دەستەی دەسپاکی دەردەکەوێت ژمارەی یەکلایی کردنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی لەدادگاکان زیاد بووە، لە ساڵی 2018 لە کۆی 210 داوای سزایی، 33 کەیس یەکلایی کراوەتەوە، 13یان ئیدانە و 20 ئازاد کردن، لە 2021 لە کۆی 408 داوای سزایی، 102 کەیس یەکلایی کراونەتەوە، 43 ئیدانە و 59 ئازاد کردن، ئەمەش دەریدەخات ژمارەی یەکلایی کردنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی لەدادگاکان زیاتر بووە.