بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند: ئەو گرووپە داعشیە پیلانیان ھەبووە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و دوای بنیادنانی حەشارگە چەکدارانی داعش بێنە ناوچەکە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند: ئەو گروپەی داعش دوێنێ ڕووبەڕوی ئاسایش بونەوە بەیعەتیان بەتیرۆریستانی داعش داوە و پیلانیان ھەبووە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و دوای بنیادنانی حەشارگە چەکدارانی داعش بێنە ناوچەکە.

لە ڕاگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانیدا هاتووە: رۆژی ٣ / ١١ / ٢٠٢٢ سێ تیرۆریستی داعش کە یەکێکیان ژن بوو لەقەزای چەمچەماڵەوە بەڕێكەوتون بۆ ناوچەی سەنگاو بە مەرامی بنیادنانی حەشارگەیەک بۆ تیرۆریستانی داعش و ئەنجام دانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە شارەکانی ھەرێم ،کە پێشتر ئامادەکارییان بۆ کردبوو، تا ژمارەیەک چەکداری تیرۆریستی تر بێنە ناوچەکە دەست بەجێبەجێکردنی پیلانەکانیان بکەن.

وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە، لە شەوی ٦ / ٧ ی ١١ ی ٢٠٢٢ لە شاخی ئاشداخ لەنزیک گوندی کچان لەناوچەی سەنگاو شوێن و جێگای تیرۆریستان دۆزرایەوە لەکاتی ھەوڵدان بۆدەستگیرکردنیان رووبەڕووی ھێزەکانمان بوونەوە پاش ٣٠ دەقە توانرا ھەردوو تیرۆریست (ک، س م) و ( م ، ع ، م ) بکوژرێت و تیرۆریست ( ش ، ن ، ع ) بە برینداری دەستگیربکرێت.

تێرۆریستی بریندار ( ش ، ن ، ع ) کە رەگەزی ژنە و هاوسەری تێرۆرست ( م ، ع ، م ) بەھەمان شێوە فکری تیرۆریستانی داعشی وەرگرتووەو بەیعەتی پێداون و ئامادەبووە بەشداری بکات لە کردەوە تیرۆریستیەکان .