ئەگەرچی بوونی ڤیزا بۆ سەفەری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران پێویست نییە بەڵام به‌بێ كارتى ڤاكسین‌و ئه‌نجامدانى پشكنین، ڕێگه‌ به‌هیچ گه‌شتێك نادرێت.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،سیروان حەسەن وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئاشكرایكرد، بڕیاری ھەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان ھەرێم‌و ئێران چۆتە بواری جێبەجێکردنه‌وه‌و چەند مەرجێکیش ھەن بۆ ھەڵگرتنی ڤیزا، لەوانەش نابێت پاسپۆرتی گەشتیار کەمتر لەشەش مانگی مابێت به‌سه‌ربچێت‌و کارت‌و پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆناش پێویستە.

ده‌شڵێت:"لەدوێنێوە بڕیاری ھەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان ھەرێم‌و کۆماری ئیسلامی ئێران كارى پێده‌كرێت‌و ھاوڵاتییان دەتوانن بەبێ ڤیزا ھاتوچۆ بکەن، تەنها لەکاتی گەشتکردن پاسپۆرتی خۆیان دێنن‌و لێرە مۆر دەکرێت‌و دەتوانن بۆ ماوەی مانگێک لەئێران بمێننەوەو ھاوڵاتییانی ئێرانیش لەھەرێم دەمێننەوە".

سه‌باره‌ت به‌پشكنینى كۆرۆناو كارتى خۆكوتان، به‌ماڵپه‌ڕى فه‌رمى پارتى وتوه‌، "ئەو ھاوڵاتییەی گەشتدەکات، پێویستە ڤیزاکارتی ڤاکسینی لەگەڵ بێت‌و دوو ژەم ڤاکسینی وەرگرتبێت، یان دەبێت پشکنینی لابێت، بەپێچەوانەوە بەبێ ڤاکسین‌و پشکنین، ڕێگەی گەشتکردن بەھیچ کەس نادرێت".