دادگای پێداچونەوەی هەرێم داواى په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه‌ى بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی‌و ئه‌ژى ئه‌مین‌و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى دیكه‌ى یه‌كێتى ده‌كات‌و به‌تۆمه‌تبار ناویان ده‌بات.

له‌نوسراوێكدا كه‌ ڕۆژى 10ى ئه‌م مانگه‌ ده‌رچوه‌و ئاراسته‌ى دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى ڕانیه‌ كراوه‌، محه‌مه‌د مسته‌فا سه‌رۆكى دادگای پێداچونەوەی هەرێم كوڕانى تاڵه‌بانى‌و ئه‌ژى ئه‌مین‌و وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یى‌و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى دیكه‌ى یه‌كێتى به‌تۆمه‌تبار ناوبردوه‌.

له‌و نوسراوه‌دا هاتوه‌، "داواده‌كه‌ین گشت په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه‌ى تایبه‌ت به‌تۆمه‌تباران (بافڵ جه‌لال حسامه‌دین تاڵه‌بانى، قوباد جه‌لال حسامه‌دین تاڵه‌بانى، سه‌لمان مه‌لا ئه‌مین ناسراو به‌مامۆستا ئه‌ژى، وه‌هاب مه‌جید ناسراو به‌وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی، شێخ ئه‌حمه‌دى نۆكان‌و هاوڕێ دارۆ نورى)مان بۆ بنێرن كه‌ له‌بنكه‌ى پۆلیسى ڕانیه‌یه‌ بۆ كارى پێویست".

به‌گوێره‌ى ئه‌و نوسراوه‌ى سەرۆكی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان، ئه‌و په‌ڕاوى لێكۆڵینەوەیه‌ى ئێستا له‌بنكه‌ى پۆلیسى ڕانیه‌یه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر.

ئه‌گه‌رچى نوسراوه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌ورده‌كاریی په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ نه‌كردوه‌، به‌ڵام پێشبینیده‌كرێت، په‌یوه‌ندیی به‌كه‌یسه‌كه‌ى موراد كانى كورده‌ییه‌وه‌ هه‌بێت

هەرچەندە پەڕاوەكە هیچ ئاماژەیەكی بە دۆسیەكە نەكردووە، بەڵام پێدەچێت دۆسیەكە پەیوەندیی بەكەیسه‌كه‌ى (موراد كانی كوردەیی)ه‌وه‌ هەبێت.

ئێوارەی ڕۆژى 26ى 11ى 2021 عەمید (موراد عەبدولڕەحمان عەوڵا) ناسراو بە(موراد کانی کوردەیی)و دوو لەپاسەوانەکانی بەناوەکانی (خۆشناو وەیسی‌و هاوکار نازم) له‌شارى ڕانیه‌ كوژران‌و هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ش پاسەوانێکی بەناوی (سەرکار فاخیر) بریندارکراو یەکێک لەهاوڕێکانیشی بەناوی (فرسەت قادر ئەحمەد) ڕفێندرا.

دواى ئه‌و ڕوداوه‌، خانەوادەو بنه‌ماڵه‌ى عەمید موراد کانی کوردەیی په‌نجه‌ى تۆمه‌تیان بۆ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانى یه‌كێتى ڕاكێشاو داواى لێكۆڵینه‌وه‌ى چڕیان له‌و ڕوداوه‌ كرد له‌لایه‌ن دادگاوه‌.