مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌په‌یامێكدا پیرۆزبایی له‌ د. عه‌بدوللـه‌تیف ره‌شید كرد به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مسته‌فا كازمی له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نوسیویه‌تی، "پیرۆزبایی لە د. عەبدوللـتیف رەشید دەکەین بەبۆنەی ھەڵبژاردنی وەک سەرۆکی کۆماری عێراق، ھەروەھا ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە ئەرکەکەیدا".

مسته‌فا كازمی راشیگه‌یاندوه‌، داوا لە ھەمو ھێزە سیاسیەکان دەکەین ھاوکاری بن و پاڵپشتی پێشکەش به‌ سه‌رۆك كۆماری نوێی عێراق بکەن.

له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا، له‌كۆی 269 په‌رله‌مانتاری ئاماده‌بوی كۆبونه‌وه‌كه‌ و له‌گه‌ڕی دوه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماردا، د. عه‌بدوللـه‌تیف ره‌شید توانی به‌ به‌ده‌ستهێنانی 162 ده‌نگ به‌رامبه‌ر به‌ 99 ده‌نگی د. به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌ڵبژێردرێت.