سه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى ده‌كات‌و داواى پشتیوانى لێده‌كات.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شارپرێس به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌ى متمانه‌ پێكراوه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتن و بڵاويكردنه‌وه‌ باسیان له‌وه‌كرد، بافڵ تاڵەبانی لەژێر فشارێکی زۆری بەشێک لەهێزە عەرەبیەکاندایە بۆ گۆڕینی کاندیدی سەرۆک کۆمارو ڕێککەوتن لەگەڵ پارتیدا، به‌ڵام ئه‌و سورە لەسەر مانەوەی کاندیدى حزبه‌كه‌ى بۆ ئه‌و پۆستە.

لەدوو ڕۆژی ڕابردوشداو دوای ئەوەی شاندێکی هێزە عەرەبیەکان لەگەڵ بارزانی نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک‌و بارزانی هەڕەشەی کشانەوەو بەشدارینەکردنی لەکۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمان‌و حکومەتی داهاتودا کرد، بەشێک لەسەرکردەی هێزە عەرەبیەکان چەندجارێک فشارێکی زۆریان لەبافڵ تاڵەبانی کردوە بۆ گۆڕینی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمارو ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی بۆ ئەوەی بەیەک کاندید بەشداریی کۆبونەوەی پەرلەمان بکەن‌و بەڕێککەوتنی دوولایەنە سەرۆک کۆماری داهاتوو دیاریبکرێت نەک بەهەڵبژاردن.

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ریش له‌تویتێكدا، بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتى په‌یامێكى به‌په‌له‌ى ئاراسته‌ى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى كردوه‌و نوسیویه‌تى:"برایانی بەڕێز لەچوارچێوەی هەماهەنگی‌و هاوپەیمانەکانی ترمان، داواتان دەکەین بەناوی برایانتان لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە وه‌ك چۆن هەمیشە لەسەختترین‌و دژوارترین هەلومەرجدا لەگەڵتان ڕاوەستاوین وەک بەڵێنمان پێدابون، ئێوه‌ش له‌گه‌ڵمان بوه‌ستن".

هه‌روه‌ك تویته‌كه‌شى به‌حه‌دیسێك كۆتایی پێهێناوه‌و ده‌ڵێت:"((المؤمنون عند شروطهم)) واته‌ (موسڵمانان بەمەرج‌و بەڵێنەکانیاندا دەناسرێنەوە".