مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌په‌یامێكدا بۆ سەرکردەی هێزە عێراقیەکان ڕایگه‌یاند، "ئێمە بەشداریی کۆبونەوەی پەرلەمان‌و حکومەتی داهاتوش ناکەین".

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەگوێره‌ى ئەو زانیاریانەی تایبەت دەست شارپرێس کەوتوە، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی‌و محەمەد حەلبوسی‌و فالح فەیازو محەمەد شیاع سودانیدا کە لەپیرمام بەرێوەچوە، بارزانی پێداگریکردوە لەسەر گۆڕینی د.بەرهەم بەکاندیدێکی تر بۆ ئەوەی ئەوان ڕێککەوتنی لەسەربکەن".

لەبەرامبەردا سەرکردە عێراقیەکان به‌بارزانیان وتوه‌، یەکێتی هەرکەس کاندید بکات ئەوان دەنگی پێدەدەن، بارزانیش وتویەتی:"ئێمە بەشداریی کۆبونەوەی پەرلەمان‌و حکومەتی داهاتوى عێراق ناکەین".

نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەریەکە لەمحەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق‌و فالح فەیازو محەمەد شیاع سودانی سەردانی پیرمامیان کردو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبونەوە، بەپێی زانیاریەکانی شارپرێس سەردانەکە بەمەبەستی ڕازیکردنی پارتی بوە بۆ بەشداریی لەکۆبونەوەی چوارشەممەی پەرلەمانی عێراق‌و بەشداریکردن لەحکومەتی داهاتوی عێراقدا، بارزانیش بۆ بەشداریی لەکۆبونەوەکە مەرجی گۆڕینی کاندیدی یەکێتی هەبوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارو وتویەتی تا بەرهەم ساڵح کاندید بێت ئەوان ئامادەنین بەشداریی کۆبونەوەی پەرلەمان بکەن.

شارپرێس زانیویەتی سەرکردەی هێزە عێراقیەکان بەبارزانیان وتوە ئەوان پێیان باشە پارتی‌و یەکێتی ڕێکبکەون لەسەر کاندیدێک‌و پێکەوە بچنە هۆڵی پەرلەمانەوە، ئەگەر نەشگەنە ڕێککەوتن، ئەوا ئەوان دەنگدەدەن بەکاندیدی یەکێتی جا هەرکەسێک بێت بۆ ئەوان جیاوازییەک ناکات، بارزانیش لەبەرامبەردا پێی وتون تا یەکێتی کاندیدەکەی نەگۆڕێت‌و بەڕێککەوتنی دوو لایەنە سەرۆک کۆمار دیارینەکرێت، پارتی ئامادەنییە بەشداریی کۆبونەوەی پەرلەمان‌و حکومەتی داهاتوی عێراق بکات.

بەوپێیەی یەکێتی بەشێک نەبوە له‌کۆبونەوەکەی پیرمام، هەڵوێستی یەکێتی تائێستا ڕون نییەو دیارنییە کاردانەوەی لەگەڵ جوڵە نوێكەی هێزە عێراقیەکان‌و پارتی چۆن دەبێت‌و هەڵوێستی دەگۆڕێت یان بەپێچەوانەوە پێداگرە لەسەر هەڵوێستی یەک ساڵی ڕابردوی خۆی.

شاندی هێزە عێراقیەکان بەبازانیان وتوە، "ئەم چەند ڕۆژەى لەبەردەممان ماوە هەرچیتان کردوە کارێک بکەن لەگەڵ یەکێتی بگەنە ڕێککەوتن بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار".